سیاسیەكانی مەملەكەت دۆخێكیان خوڵقاندوە ڕێك پڕ بە باڵای میللەتە

(بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ‌ئەوەیە، ‌كە‌باكی بەمردنی نەوەكانی خۆی نییە) سەردەشت عوسمان.

یانزە ساڵ بەسەر تیرۆركردنی گەنجێكی شیكپۆشی ئەم نیشتمانەدا تێپەڕ دەكات و كەچی هێشتا مەملەكەت پڕترە لەو بۆگەناوەی كە ئەو گەنجە شیكپۆشەی لەسەر تیرۆر كرا، یانزە بەهار و پایز تێپەڕین و هێشتا چارەنوسی ژیان لەو مەملەكەتە بەدەست بكوژانی سەردەشتەوە یەوە.

زۆر وترا لەسەر شەهید كردنی سەردەشت عوسمان، زۆر نوسرا لەسەری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نە وتن تەواو بوو نە نوسین، هەموومان ووتمان “تیرۆركردنی گیانی سەردەشت، تیرۆركردنی رۆحی هەموومان بوو”، دەی ئاخر خۆ درۆمان نەكرد، ئەوەتا یانزە ساڵ بەسەر تیرۆركردنی گیانی سەردەشتدا تێپەڕ دەكات و ئەو هێشتا ڕۆحی زیندوە، ئێمەش تیرۆری رۆحمان دەكرێت و هێشتا گیانمان زیندوە، هەموومان ئەو دێڕەی سەردەشتمان ووتەوە كە دەڵێت” بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ‌ئەوەیە، ‌كە ‌باكی بەمردنی نەوەكانی خۆی نییە”، سەردەشت لەتەمەنێكی كەمدا باشتر لە بێ‌ باكی دەسەڵات تێگەیشتبوو، بۆیە پێی ووتین دەسەڵاتێك باكی بە مردنی نەوەكانی نەبێت دەبێت خاوەنی چ پێوەرێكی ئینسانی و ئەخلاقی و سیاسی بێت؟.

ساڵی ڕابردوو، كاتێك نوسینێكم بەناونیشانی ( لەسەردەشتەوە هەتاوەكو هێمن مامەند وسۆران عومەر) نوسی، ئەو كات تەمەننام دەكرد لەوێدا ئیدی شتەكان بۆستن، ئیدی ئەو عەقڵیەتە ژەنگاوییە خاڵی بێتە لە بڕیاردان لە سنوری ئازادییەكان، ئەو عەقڵیەتە ژەنگاوییە بێتەوە سەرخۆی و تێبگات لەوەی مەملەكەت خاوەنی ئەوە نەك ئەوەی ئەو خاوەنی مەملەكەت بێت، تەمەننام دەكرد بەڕێوەبەرانی دەسەڵات هیچ نەبێت ئەگەر تەنها بۆ ساڵێكیش بێت واز لەسەركێشییەكانیان بهێنن بەرامبەر مەملەكەت و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست، بەڵام بەداخەوە دۆخەكە هەتا دێت بۆگەنتر دەبێت لەوەی كە هەبووە، بەداخەوە هەتا دێت بەهۆی بیركردنەوە تەسكەكانەوە ژیان بێتام تر دەبێت، دۆخێك لە ژیانی مەملەكەت هاتۆتە ئاراوە هیچ شتێك قورسایی و پیرۆزی نەماوە، (نە سیاسی، نە مامۆستای ئاینی، نە ئۆپۆزسیۆن، نە پزیشك و نە كارمەند و نە كاسبە حەبیبەكەی خودا)، ئێستا هیچ شتێك لە شوێنی خۆیدا نەماوە، (نە رۆژنامەنوس و نە پارێزەر و نە یاسا و نە دادوەر)، سیاسیەكانی مەملەكەت دۆخێكیان خوڵقاندوە ڕێك پڕ بە باڵای میللەت، ڕێك پڕ بە باڵای یاسا، پڕ بەباڵای خەیاڵەكانی خۆیان.

ساڵ دەبێت بە یانزە و تێپەڕ دەكات بەسەر تیرۆركردنی سەردەشتی هەموواندا، كەچی تا دێت رۆژنامەنوس و دەنگی ئازا دەخرێنە گونجی زیندانەوە و هەمووانیش بە بێدەنگی سەیری ئەو نمایشە خراپە دەكەین، لە كاتێكدا زۆر نزیكە لەوەی هەمووان ئەو كونجە ببێتە ماڵ و جێگەمان، زۆر نزیكە لەوەی من و تۆ و ئەو و ئەوان، ئێمە هەموومان پێكەوە، بێدەنگییەكانمان بمانخنكێت و كەسێكیش نەبێت وەك ئێستای ئێمە، لەبری خۆمان هاوار بكات.

پێم وانییە هیچ مرۆڤێك نوسینی ئەو هەقیقەتە تاڵانەی پێ‌ خۆشبێت، بەڵام كاتێك دەگەینە ئەو بڕوا تەواوەی كە وەك سەردەشت دەڵێت”تا ئەو شوێنەی كە ‌ماوین ئەبێت قسەبكەین، لەو شوێنەش، كە ‌تەمەنمان كۆتاییهات با هاوڕێكەم خاڵێكم بۆ دابنێت و بێتە سەر دێڕێكی نوی و سەر لەنوی دەستپێبكاتەوە”، بەڵام كاتێك ژیان بەو دۆخە شێواوە لەم نیشتمانە بێكەسەدا گوزەر دەكات، دەبێت هەم خۆمان و هەم دەسەڵات باش لەوە حاڵی بین تا ئەو شوێنەی كە ماوین، ئەبێت قسەبكەین، ئەگەر نا دواجار و لە كۆتاییدا دەبێت دنیایەك لە دایكان چاوەڕێی هاتنەوەی سەردەشتەكانیان بکەن.

 


زانکۆ سەردار

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button