بۆ کوشتنی سەردەشت، هەمیشە لە مێژوودا دەنگدەداتەوە؟

هەندێک سەردەم هەیە، بە تاوانێکدا دەناسرێتەوە. نا لە بەرئەوەی ئەو تاوانە دەشێت گەورەتر بێت لە تاوانەکانی تری دونیا. بەبڕوای من هەموو تاوانەکان وەکو یەک گەورەن دەمێک پەیوەندیان بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەبێت. بەڵام لە ناکاو مردنێک وەک سەمبولی هەموو ئەو شتانەی لێ دێت کە کۆمەڵگایەک تیادەژی یاخود لێی دەترسێت، وەک سەمبولی تاوانێک کە ڕاستەوخۆ یان مەجازی دەبێتە ئاماژە بۆ کۆی تاوانەکانی تریش. لێرەوە کوشتنی سەردەشت تەنیا هەڵگری ئاماژە نییە بۆ ژیانی تاکە کەسێک بەڵکو زنجیرە مانایەکی گەورەتر لە خۆدەگرێت، خاڵێکە تێیدا کۆمەڵە دیاردەیەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەیەک دەگەن، واتە پەنجەرەیە بە مانا هەرە راستەقینەکەی بۆ سەر ڕووبەرێکی گەورەتر لە خۆی.
یەکێک لەو شتانەی کە سەرنج ڕادەکێشێت ئەوەیە بۆ کوشتنی سەردەشت هەمووان تووشی شۆکێکی گەورە دەکات? بۆ ئەو شۆکە دەگاتە ئەو رادەیەی هەندێک باوەڕ بە مردنەکەی ناکەن؟. پێش سەردەشت و دوای سەردەشتیش کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە کۆمەڵگایەکی مرۆڤکوژ بووە. کوشتن بەشێکی دانەبڕاوی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەیە، هیچ هێزێکی سیاسی و سیاسییەکی چالاک لە مێژووی ئێمەدا نییە دەستی بە خوێن سوور نەبووبێت. کەواتە هۆی چییە، مردنی سەردەشت بەوجۆرە شۆکمان دەکات؟ چ تایبەتمەندییەک لەم تاوانەدا هەیە وادەکات وەک تاوانێکی هەرە ترسناک لە خەیاڵماندا نیشتەجێ بێت و ئاسان لەبیر نەبرێتەوە؟. ئاخۆ هۆکەی ئەوەیە یەکەم تاوانی گەورەیە دوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ئۆرگانیزەکراو، یان وەک پارتییەکان دەڵێن مەبەست لە گەورەکردنی تەنیا دژایەتی پارتییە … هەر دوو تەفسیرەکە لای من زۆر سیاسی و ڕووکەش و لاوازن، بەرهەمی ئەو دەردە کوردییە ئەزەلییەن کە تەنیا سیاسەت بە سیاسەت تەفسیردەکاتەوە. شتێک لە تاوانەکەدا هەیە کە زۆر ترسناک دەریدەخات، شتێک وادەکات بیر نەچێتەوە، خسوسییەتێکی دەداتێ جیایدەکاتەوە لە هەموو تاوانە ناشیرینەکانی دیکەی مێژووی ئێمە، شتێک ترسێکی قووڵ و ناوەکی لە ناخی هەر یەکەماندا زیندوو دەکاتەوە. مرۆڤ دەتوانێت لە زۆر ڕووەوە لەم نهێنییە نزیک ببێتەوە، لێرەدا هەوڵدەدەم شتێک لەو هۆکارانە ڕوونبکەمەوە، کە وادەکەن کوشتنی سەردەشت تاوانێکی ناوازە بێت و ئەو هەموو مانا و ڕەمزانە لە خۆی بگرێت.
سەرەتا شتێکی ڕۆمانسی قووڵ لە کاراکتەری قوربانیی و چیرۆکی لە ناوبردنی سەردەشتدا هەیە. سەردەشت «گەنجە، بێگوناهە، لاوازە، دەیەوێت ببێتە نوسەر، سەر بە بنەماڵەیەکی ئاساییە، خوێندکارە، خەونی هەیە … هتد»، واتە هەموو ئەو سیفەتانەی تێدایە کە دەشێت پاڵەوانێکی ڕۆمانسی پێویستی پێ بێت تا لەساتی مردنیدا سروشتێکی ئەفسانەیی وەربگرێت. دواتر تاوانەکە گەرچی کەس نەیبینیوە، بەڵام هەموو کەس دەتوانێت فلیمی ڕووداوەکان بهێنێتە پێشچاوی خۆی، واتە تاوانێکی ڕوونە، تەماوی نییە، بەجۆرێکی ترسناک شەفاف و بینراوە. ئەم سیفەتانە کاراکتەرێکی تایبەت هەم بە سەردەشت و هەم بە مردنەکەی دەبەخشن. بە کورتی ڕاستە مێژووی ئێمە مێژووی کوشتنە، بەڵام سەردەشت وێنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و ئاسان ناخرێتە ناو ئەو مێژووەوە.
ئەو سەر بە نەوەیەکی ترە، وەک ئەوەیە بە کاراکتەری و خەسڵەتەکانی تەعبیر لە کەسایەتی گەنج بکات، گەنجێک کە هەموو گەنجێکی دی بەشێک لەو لەخۆیدا دەبینێتەوە. ڕوخساری گوزارشتە لە نەوەی دوای ڕوخانی سەدام حوسەین، لە نەوەی دوای جەنگی ناوخۆ، نەوەیەک جیاواز لە هەموو نەوەکانی پێشووتر پەیوەندییەکی توندی بەو ڕابوردووەوە نییە کە تا ئێستا لە یادەوری زۆربەماندا دەژی.
لە پەنجا ساڵی ڕابوردوودا مێژووی خەباتی سیاسی ئێمە، هەمووی بە ناوی زامنکردنی پاشەڕۆژەوە بووە بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەموو شەڕ و کوشتارەکان بۆ ئەوەبوون گوایە نەوەکانی داهاتوو باشتر بژین و ئازاد و خۆشبەختتر بن. سەردەشت سەمبولی ئەو نەوەیە بوو کە دەبوو ئیتر لەبەری ئەو مێژووە بخوات، کوشتنی وەک کوشتنی داهاتوو وەهابوو، وەک ئەوەی یەکێک بڵێت داهاتوو جارێ گەلێک دوورە، ئەو نەوانەشی کە دەبێت لە بەرهەمی ئەو داهاتووە بخۆن هێشتا لەدایک نەبوون، کوشتنی سەردەشت دواخستنی هەتاهەتایی داهاتوو بوو.
بکوژانی سەردەشت پەیامێکی ترسناک دەدەن بە گوێماندا، کە ئێمە هێشتا لە ڕابوردوودا دەژین … هیچ داهاتوویەک نییە و بەمزوانەش نابێت. جەستەی سەردەشت نمایشکردنی لاشەی کوژراوی پاشەڕۆژ بوو، بەجۆرێکی سەمبولی لە سەر شانۆی ئێستا.
بەڵام ئەمە تەنها هۆ نییە کە وادەکات تاوانەکە بەوجۆرە بە مێژوو و بە یادەوریمانەوە بنوسێت. گەر ورد بڕوانین دەبینین، وێنەی سەردەشت وەک وێنەی قوربانییەکانی تری مێژووی ئێمە نییە… قوربانییەکانی تر بەشی هەرە زۆریان قوربانی جەنگ یان ململانێی حیزبی یاخود شەڕی ناوخۆن. هەر یەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان مۆرکێک و شوناسێکی سیاسیان هەیە، مرۆڤ دەتوانێت بەزۆریش بووە خانەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە و بیانخاتە ناو ئەو خانەیەوە. لای زۆرینەی کوژراوەکانی تری مێژووی ئێمە حیزبێک لە پشت بکوژ و کوژراوەکەوە هەیە، قوربانییەکان هەمیشە شەهیدی لایەنێکی سیاسیین، شوناسێکی ئایدۆلۆژییان هەیە. بەڵام لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، نەوەیەک لە کوردستانی باشوور هاتۆتە دونیاوە کە کەم تا زۆر حیزبی نییە، گەنجانێک هاتوونە سەر شانۆ کە تەعبیر لە سەرهەڵدانی دنیایەکی نوێ و سەردەمێکی تازە دەکەن و دەیانەوێت هەموو شتێکی ژیانمان بەوجۆرە کۆنترۆڵ نەکرابێت و لە ڕکێفی دەسەڵاتێکی تەسکبیندا نەبێت. ئەمانە بوونەوەری بێ حیزبن، وەک خەڵکی سەردەمەکانی پێشووتر عەشرەتێک نییە شوناسی هەڵگرن، حیزبێک نییە ببن بە شەهیدی، بەڵکو گوزارشتن لە ساتی تاکبوونەوەی مرۆڤی کورد، ساتێک نەوەیەک تێیدا لەدایکدەبێت دەیەوێت لەو شوناس و ئینتیما کۆنانە پاکبێتەوە و دونیا بە جۆرێکی تر بژی. واتە جۆرە مرۆڤێکی تازەن، جۆرە مرۆڤێکن هێشتا بۆ شوناس دەگەڕێن، بۆ زمان دەگەڕێن، بۆ ئایدیا دەگەڕێن. هێشتا پاکی ساتەکانی یەکەمی خولقاندن دەژین. سەردەشت تەعبیرە لەو نەوەیەی کە لەو مێژووە جیابۆتەوە. نەوەیەک هێشتا تەواو نەبۆتە نەوە و کامڵ نەبووە و دونیای ئەزموون نەکردوە، هێشتا ڕۆحێکی نادیارە و تاک و تەرا لێرەو لەوێ لە هەندێک کەسدا وەک خواست، وەک ئایدیا، وەک خەون بەرجەستە دەبێت، نەوەیەک نایەوێت ئەو مێژووە دووبارەبکاتەوە، نوێنەری دابڕانێکە لە ڕابوردووی ئێمە.
هەموو هێزێکی تازە کە لە هەناوی مێژوودا لە دایکدەبێت، ساتەوەختییەکی پاکیی ڕەها و قووڵی هەیە، ساتەوەختێک هەستدەکات ئەو هەڵگری گوناهەکانی پێشوو نییە، هەستدەکات دەیەوێت ئەو پاکییەی لە مێژوو و سیاسەت زەوتکراوە دووبارە بیگێڕێتەوە. ئەم ساتە خواستی هەموو نەوەیەکە پێیوابێت دەتوانێت پەیامێکی هەبێت، هەموو نەوەیەک بۆ ئەوەی بتوانێت گوزارشت لەسەرەتایەکی تازەبکات، هەستێکی نوێی پاکی و بێتاوانی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت، سەرەتا جگە لەو پاکییەش شەرعییەتێکی دیکەی نییە. ساتی کوشتنی سەردەشت ساتی یەکەمی ئەو هەستەیە، هەوڵی یەکەمی گەڕانەوەیە بۆ ئەو پاکییە، نەوەیەکی نوێ کە هێشتا نازانێت یادەوەری سیاسی ئێمە و خەیاڵی سیاسی نەوەکانی پێشووتر بە چ جۆرێک ئیشدەکەن و بە چ توانایەکی ترسناکی تاوان بارکراون، نەوەیەکە هێشتا دونیا لە خۆیەوە دەبینێت، دەیەوێت لەگەڵ ئەودا جۆرە ئازادییەک بێتە کایە بارنەکرابێت بە هەموو بارگە پێشینەکانی خوێن و ترس.
لەگەڵ نەوەی سەردەشتدا تەواوی کۆمەڵگای ئێمە خەون بەسەرەتایەکی تازەوە دەبینێت، بە مێژوویەک تارماییەکانی رابوردوو تێیدا کاڵ ببنەوە، قۆناغێکە شەڕی ناوخۆ دوایی هاتووە، سەدام حوسەین ڕوخاوە، ئۆپۆزسیۆن لەدروستبووندایە… واتە زەمینەی خەون بینین بە شتێکی تازە و نوێوە لە هەموو کاتێک ڕەواتر و سروشتیترە، سەردەشت تەعبیرە لەو ساتەوەختە، تەعبیرە لەو خەونە کە هێشتا نەیتوانیوە تەواو شێوەی خۆی بدۆزێتەوە. لێرەوە کوشتنی سەردەشت، کوشتنێکە هەڵگری چەندین ڕەهەندی ڕەمزییە، هەم کوشتنی ئەو پاکییەیە کە ئەم نەوە تازەیە هەڵیگرتووە، هەم کوشتنی ئەو توانا تازەیەیە لەسەر ئومێد و گۆڕان و خەونبینین کە کۆمەڵگای ئێمە دەیەوێت تاقیبکاتەوە. واتە کوشتنێک نییە وەک هەر کوشتنێکی تر، بەڵکو کوشتنێکە لێکترازانی دوو زەمەن و دوو نەوە و دوو جۆرە هەستکردن لە یەک بەرجەستەدەکات. مێژووی ئێمە پڕە لە کوشتن، بەڵام کەم کوشتنی تێدایە بەو ڕوونییە هێڵی جیاکەروە بێت لە نێوان دوو سەردەمی جیاوازدا.
کاریگەریی گەورەی تاوانەکە لەوەدایە کە تاوانێک نییە دژ بە کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو تاوانێکی سەمبولییە دژ بەو ساتە سەرەتایی و پاکەی کە تێیدا ئەگەرێکی نوێ دێتە پێشێ. سەردەشت لە زیاد لە گۆشەنیگایەکەوە ڕەمزی ئەو پاکییە زەوتکراو و ئەتککراوەیە.
کاریگەریی تاوانەکە لەسەر هەمووان ترسناک و گەورەیە چونکە لە ساتێکدایە کە هەمووان تینووی گەڕانەوەی پاکین بۆ سیاسەت، خەونێکی گەورە هەیە لە ناخی زۆربەی مرۆڤەکانی کورددا کە ئەم گەڕانەوەیە کارێکی ئەفسانەیی نییە، ڕیفۆرم و گۆڕانکاری بە شێوەیەکی سروشتی و ئاشتیخوازانە ئاسایی و چاوەڕوانکراو دەنوێنێت، کەس لەو باوەڕەدا نییە هێزێک هەبێت وەها ئاسان دەست بۆ شکاندنی ئەو خەونە گەورەیە بەرێت.
کوشتنی سەردەشت وەک دانانی خاڵی کۆتایی دێت، بۆ ئەو هیوا و پلانانەی لە ساتێکدا تەواوی کۆمەڵگایەک لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات و لە نیهادی خۆیدا پەروەردەیاندەکات.
لاشەکەی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەو فاسیلەیەی کەوتۆتە نێوان خەونی کۆمەڵگا و خەونی دەسەڵاتەوە، کەوتۆتە نێوان ڕابوردوو و داهاتووەوە. لاشەکەی سەردەشت جێگایەکی تەواو ڕەمزییە. شوێنی پێکدادانی ڕۆحی پیر و گوناهباریی کۆمەڵگایە لەگەڵ ڕۆحی گەنج و بێتاوانی نەوە نوێکانیدا، ساتی بەریەککەوتنی ئەوپەڕی دڕندەییە لەگەڵ ئەوپەڕی پاکی، ساتی بەگەڕکەوتنی مەکینەیەکی سیاسی و عەسکەری و میدیایی ترسناکە دژ بە بوونەوەرێکی تەنها و لاواز و بێپاڵپشت، ساتی لێکترازانی تەواوەتی ئەوەیە کە هەموو شتێکی هەیە، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێکی نییە، واتە ساتی بەریەککەوتنی دەسەڵاتی موتڵەقە، لەگەڵ بێدەسەڵاتییەکی موتڵەقدا. ساتی جیابوونەوەی تاوان و کوشتنی مەنتیقییە لە کوشتنی نامەنتیقی. … بە کورتی ساتی زەقبوونەوەی هەموو دیوە ناکۆک و پارادۆکسەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە لەسەر جەستەی بچوک و لاوازی تاکە کەسێکدا.
هەر کاتێک سەیری مردنی سەردەشت بکەین، تەنیا لاشەی ئەو نابینینەوە، تەنیا کوشتنی ناهەقی گەنجێک نابینینەوە، بەڵکو ساتێکی مێژوویی بە هەموو ماناکانی دەبینینەوە. ئیدی سەروکارمان تەنیا لەگەڵ مردندا نییە، بەڵکو سەروکارمان لەگەڵ ئاوێنەیەکی گەورەدایە کە جگە لەوەی بکوژەکان دەموچاوی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، تەواوی مێژووش بە هەموو ناکۆکی و ئەگەرە کوژراوەکانی خۆیەوە تێیدا دەردەکەوێت… بە کورتی لاشەی سەردەشت تەنیا لاشەی خۆی نییە، بەڵکو کایەیەکی دەلالی فرە دیو و پڕ ئاماژەیە کە جەمسەرەکانی مێژووی کۆنی ئێمە بەمڕۆوە دەبەستێت. ئیدی هێندەی کەسێک باس لە مردنی خەونێکی خۆی دەکات، لاشەی سەردەشت وەک شانیشانە بۆ هەموو مردنەکان دێتەوە یادمان و دەکەوێتەوە سەر زارمان.
لاشەی سەردەشت ئەو نیشانەیەیە کە ئیدی لە ڕێگای مانای مردنی ئەوەوە، مەرگەکانی دی بۆ نیشانە و مانای خۆیان دەگەڕێن. ئەو مردنەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو مردنەکانی تر خۆیانی پێدا هەڵدەواسن، تا لەودا وێنەی خۆیان بدۆزنەوە. ئەوەش دەیکات بە مردنێک بەردەوام بکرێت لە هەموو سیاق و ناوکۆییەکدا زیندوو ببێتەوە.
بە کورتی لاشەی سەردەشت چیتر تەنیا لاشەیەک نییە کە پێناسەی خۆی دەکات، بەڵکو ئەو مردنەیە کە لە ڕێگایەوە مەرگ دووبارە بەجۆرێکی نوێ خۆی پێناسەدەکاتەوە. واتە ئەو ڕەمزە گەورەیەیە کە مەرگ لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستی پێیەتی بۆئەوەی خۆی لە دووبارەکردنەوەی فۆرمە کۆنەکانی بپارێزێت… مەرگە دەمێک مەرگ دەموچاوێکی نوێ و ڕوخسارێکی تر بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. بە واتایەکی تر و ڕوونتر مردنی سەردەشت فراوانکردنی ڕەهەندە سەمبولییەکانی مردنە… وشەی مردن چیتر تەنیا لەسنووری ئاماژەدا بۆ مەرگی جەستەیی ناوەستێت، بەڵکو گرێدەدارێتەوە بە کایەیەکی مەجازی گەورەوە، واتە کە باس لە مردنی سەردەشت دەکەین بەجۆرێکی مەجازی باس لە مردنێکی مەجازیانەی ژیانی خۆمان و خەونی کۆمەڵایەتییمان دەکەین، وەک مردنی هیوا، مردنی گەنجێتی، مردنی پاکی، مردنی خەونی گۆڕان، مردنی فەردانییەت، مردنی پاشەڕۆژ … هتد.
واتە مەسەلەکە هەر ئەوە نییە کە لاشەیەک هەیە و دەبێت بە ڕەمزی هەموو نائومێدییەکانمان، نا بەڵکو هەموو نائومێدییەکانمان، هەموو تێکشکانە گەورەکانمان لەم بیست ساڵەی ڕابوردوودا، پێویستیان بە لاشەیەک هەیە، پێویستیان بە دەموچاوێک و سەمبولێک هەیە… سەردەشت تەنیا لاشەیەک نییە کە دەبێتە ڕەمز، بەڵکو پێچەوانەکیشی ڕاستە، سەردەشت ڕەمزێکە کە لە مێژە بۆ لاشەیەک دەگەڕێت و لە سەردەشتدا خۆی دەدۆزێتەوە. لێرەدا مرۆڤ دەبێت تەواو لە تەفسیری «لاکان ـ لاکلاو»ـەوە بۆ چەمکی «دال» نزیک بێت، تا لە مانای ئەو ئاوەژووبوونەوە گرنگە تێبگات.
لێرەدا دەبێت سێ جۆر لە مامەڵە لەگەڵ مردنی سەردەشتدا جیابکەمەوە، کە دووانیان زۆر باو ، بەڵام زۆر ترسناک و تەقلیدیین و سەردەشت دەبەنەوە ژێر خانەی هەمان مێژوو کە لێی هەڵدێت. یەکێکیان لاشەکەی سەردەشت، وەک لاشەیەکی قانونی سەیردەکات، لاشەی کوژراوێک کە دەبێت وەک هەر کوژراوێکی دیکە مانای خۆی لە پرۆسێسێکی قانونیدا وەربگرێت و لەویادا بکوژ و کوژراو جیابکرێنەوە. پێم وایە ئەم تەفسیرە ناتوانێت مانای کوشتنی سەردەشت تێبگات و لە کوشتنەکانی دیکەی جیابکاتەوە… دیارە ئەمە بەو مانایە نییە بڵێم نابێت دادگا و یاسا لەم مەسەلەیەدا ڕۆڵ بگێڕن، تەفسیری وەها بێمانا و گەمژانەیە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم هیچ دادگایەک ناتوانێت پێمان بڵێت بۆ کوشتنی سەردەشت وەها کاریگەرییەکی گەورەی هەیە و بەردەوام لە ژیانی سیاسی و خەیاڵماندا دەنگدەداتەوە، ئەمە لە خەیاڵی هەموو قازی و یاسایەک تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو هەرێمێکی تری تەفسیرەوە کە ئەوان دەستیان پێیدا ڕاناگات.
تەفسییری دووەم، سەردەشت دەبەستێتەوە بە مێژووە تەقلیدییەکەی شەهادەتەوە لە دونیای ئێمەدا، پێی وایە سەردەشت شەهیدێکی دی ناو قافڵەی شەهیدانە، کەسێکە لە کاروانی شەهیدانی ئێمەدا جێگای خۆی گرتووە، قوربانییەکی تری ڕێگای ڕزگارییە. ئەمە بە بڕوای من لاشەی سەردەشت دەباتەوە سەر ئەو جێگایەی کە لێی هەڵهاتووە، بەزۆر دەیخاتەوە ژێر هەمان ئەو سیستمە ڕەمزییە تەقلیدیی و سەتحی و مردوەی کە سەد ساڵە ئیشی پێدەکرێت. ئەمە خوێندنەوەی مەرگێکی نوێیە بە کەرەستەی کۆن. لێرەدا سەردەشت بوونەوەرێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی ڕووتە کە خەڵکێکی دیاریکراو، وەک هەموو شەهیدەکانی تر مۆری سیاسی خۆیانی لێدەدەن و دەیکەن بە موڵکی خۆیان… ئەم تەفسیرە سەردەشت دەگێڕێتەوە ژێر باری ئەو خانە خانە حیزبی «یان تاقمگەرایە» کە نەوەی سەردەشت بە گشتی دەیەوێت لێی دەرچێت.
تەفسیری سێهەم کە من باوەڕم پێیەتی و کەم تا زۆر لەسەرەوە بەرگریم لێکرد، بریتییە لە سەیرکردنی مردنی سەردەشت، وەک «کوشتن» بە هەموو مانا فراوانەکانی، کوشتن کە دەبێت بە خەتی جیاکەرەوە لە نێوان تاوان و پاکیدا بەجۆرێکی ڕەها، دەبێت بە سەمبولی قوربانی بە مانا هەرە فراوانەکەی، قوربانییەک کە سەردەمێک لە سەردەمێکی دی جیادەکاتەوە. کوژراوێک هەمووان پێویستیان بە لاشەکەیەتی بۆ ئەوەی شوێن و جێپێی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دیاریبکەن. مەرگێک تەنیا ئاماژە بۆ تاوانێکی سیاسی دیاریکراو ناکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ تاوان بە مانا هەرە ڕەها و گەورەکەی، تاوان لە دیوە مەجازی و فەنتازییەکەشیدا… واتە لاشەی سەردەشت گرێدەدرێتەوە بە هەموو هەست و بیرکردنەوە و عاتیفە کوژراوەکانمانەوە. گرێدەدرێتەوە بەو مافانەی کە نابێت بکوژرێن و دەکوژرێن، بە هەر شتێک کە باوەڕمان وایە نابێت ڕووبدات و ڕوودەدات، با ناماقوڵ و نەشیاو و بێمانا لە مێژووی ئێمەدا … لێرەدایە لاشەکە وەک ئاماژەیەکی ئەبەدی لێدێت بۆ نائومێدی، نوشوست، دڵشکان … بۆ ستەم بە مانا هەرە موتڵەق و پەتییەکەی، ستەم ساتێک ئیدی هیچ دەمامکێک هەڵناگرێت و دەموچاوە گێلەکەی خۆی وەردەگرێت یان وەک هانا ئارێنت ناویدەنێت «گەمژەیی خراپە»مان وەک خۆی بە یادا دەهێنێتەوە.

بەختیار عەلی

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button