مافی مرۆڤی عەفرین

له‌ سێ مانگدا 200 كه‌س له‌ عه‌فرین رفێنراون

لڤین:

ئەندامێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگه‌یاند لە ماوەی سێ مانگدا لەو شاره‌ 200 تاوانی ڕفاندن و 20 تاوانی کوشتن ئەنجامدراون.

جبرایل مستەفا ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین- سوریا، له‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌ گه‌ڵ ئاژانسی هاوار نیوز رایگه‌یاندووه‌، لە سێ مانگی دەستپێکی ئەمساڵدا، زیاتر لە 200 کەس لە عەفرین ڕفێندراون کە 25 کەسیان ژن و منداڵن، هەر لەم ماوەیەشدا 20 ڕووداوی کوشتن ڕوویانداوە.

وتیشی، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 200 داری زه‌یتون له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی توركیا و گروپه‌ سوریه‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ عه‌فرین بڕاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر 11 هه‌زار دار زه‌یتون له‌ ناوچه‌كانی بلبلێ، ڕاجۆ، شەرا و گوندی مەیدانکێدا گرتووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، توركیا و گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به‌ وڵاته‌ له‌ رێگه‌ی دروستكردنی بنكه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ دیموگرافیای ناوچه‌ ده‌گۆڕن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ به‌ هۆی فشار و هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا و گروپه‌ سوریه‌كان، هاوڵاتیان ناوتوانن ته‌واوی پێشێلكارییه‌كان بدركێنن و ئه‌وه‌ی بڵاوده‌كرێته‌وه‌ 20%ی پێشێلكارییه‌كانه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی رێكخراوی مافی مرۆڤی عه‌فرین داواشی كرد، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كار بۆ راگرتنی تاوانه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌و شاره‌ی رۆژئاوای كوردستان بكات و لیژنه‌یه‌كی بێ لایه‌ن بۆ به‌دواداچوون بۆ ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عه‌فرین پێكبهێنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button