دادگاییكردنی كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم!

ئێستا هێزەكان لەناو نەخشەی ململانێكاندا لە جوڵانەوەیەكی بازنەیدا بە زەمەنی ناكۆكییان دەخولێنەوە، مێژووی ململانێی نێوان چینی سیاسی حوكمڕان جارێك بە لۆژیكی بایكۆتكردن و جارێك بە روحی سرینەوەی “ئەویدی جیاواز” دوبارە دەبنەوە، لانیكەم كۆبونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەوڵێكە تا زەمانی لێكدابڕانی سیاسی، درێژترو و ناكۆكییەكان قوڵترنەبنەوە.

بەڵی لەناو ئەم ژاوەژاوە سیاسییەدا تەنها كۆبونەوە بەس نییە، بەرنامەو زەمینەی بەر لە كۆبونەوە، نمرەی سەركەوتنی پێدەبەخشێ، بەواتای بەهێزكردنی كۆڵەكەكانی بەرژەوەندی نیشتمانی، ئاشتەوایی ژیانی سیاسی سەقامگیر و ئارام، لەسەر بنچینەی هاوبەشی سیاسی راستەقینە و رێزگرتن لە بەهاكانی دادی كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و فرەیی فكری و سیاسی و یەكسانی و شەڕی گەندەڵی و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ژیانی هاوڵاتیان، دێنەدی.

گەڕان بە شوێن رێگەیەك كاری نیشتمانی هاوبەش دەوڵمەند بكات، ژیان.. ژیانی هاوڵاتیان بۆ باش بگۆڕێ قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە، بۆیە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێم پێیان دەڵێت: كۆبونەوەكە گرنگە چونكە پاشەكشە هەیە و هەمووی لەدەرەوە سەچاوەی نەگرتووە، دەردەكە لەناو خۆدایە، لە زەمانێكداین پارتی و یەكێتی، هەندێجار ئەوانیتریش، ئەم هەموو هەڕەشە و جڕوجانەوەری دەوروبەر، چاوی تێرنەكردوون، چاویان لە لاوازكردنی یەكترییە، یەكتر بە مەترسی دەزانن، نەك هەڕەشە راستەقینەكانی دەوروبەر.

دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) بە كۆكردنەوەی هێزەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆی راستەوخۆ، هەوڵێكە تا “روحی بەرەیی” بخاتەوە ناو گیانی شەكەتی گوتاری نیشتمانی، ئەو روحەی هێزەكان یەكدەخات، رێكدەخات و پێگەكانی ماڵی كوردان دەپارێزێ تا نەڕمێت بەسەر خۆماندا، بۆ ئەم ئامانجە وەك سیاسی تر، چواڕیان و دووڕیان و لادانی كاتی، سەرەڕێی لێ وون نەكردوە.

رێگەی ئەم كاروانە سیاسییەی پێگەكانی ماڵی كوردستانی دەپارێزێت، روحی یەكڕیزی گەلی كوردستان قوڵتردەكاتەوە، پڕە لە هاوسەفەری نیوەڕێ، بۆ ئەوەی رێكخەری ئەم پرۆسەیە پشودرێژ بێت و باكی نەبێت لە دڕك وداڵی سەرەڕێ، پێویستی بە پشتیوانی سەرۆك و جەماوەری حزبەكەی خۆیەتی ئینجا ئەوانی تر، پێویستی بە پشتیوانی سەرۆكی حكومەت ئینجا سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكەكانی ترە.

لەناو جەنجاڵی دۆخی ناوچەكە، مەترسی و هەڕەشەو ئاڵەنگارییەكان، دەبێت چاو لەسەر دەەرفەت بێت، دەرفەت بۆ گەلی كوردستان و ئەزمونە نیشتمانییەكەی، نەك بۆ حزبی دەسەڵات بەدەست و بێدەسەڵاتی ناوو دەرەوەی حكومەت، ئەمە بە دەسبەرداربوون لە فیڵ و زمانی بوغزی سیاسی دێنە دی، نەك ململانێ و بۆ لێدان و لاوازكردن، بە رێگرتن لە مافیای مەرزەكان، نەك مەرزی خۆت بۆ خۆت و مەرزی خۆم بۆ خۆم، بە نیشتمانی كردن نەك حزبی كردنی ئەرزو ئاسمان، بە گفتوگۆی راشكاوانەی رووبەروو سەركەتوو دەبێت، نەك لە رێی میدیای سێبەر و بەكرێگیراو.

كە ئەم خواستتانە بەردەست نەبوون و لە دەرەوەی تۆڕی نیشتمانی بن، ناكرێت كۆبونەوەكە دادگایی بكەین، بەڵكو ئەوەی شایەنی دادگاییە ئامادەنەبوونی ئەو خواستانەن.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button