سۆران عومەر:

کاتیەتی حەقیقەتی دووەمی سیاسیە دزو سەرمایەدارە نامەشروعە شەریکەکانیان ئاشکرا بکرێت

لڤین:

سۆران عومەر، ڕێگایەکی نا مەشروعی بەرپرسەکان بۆ سپیکردنەوەی پارە ئاشکرا دەکات، کە بەرپرسان خۆیانی لێوە دەوڵەمەند دەکەن و دەڵێت: “سیاسیە دزەکان سەدان شەریکی سەرمایەداری نامەشروع و کۆمپانیایان ھەیە و کاتی ئەوەیە ڕووی ڕاستەقینەی سەرمایەدارە شەریکەکانیان و دەڵاڵی دزی و سپیکردنەوەی پارەکانیان ئاشکرا بکرێت”.

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، لە بارەی سپیکردنەوەی پارە لە لایەن بەشێک لە بەرپرسان و ئەو ڕێگا نا مەشروعانەی بەرپرسان خۆیانی لێوە دەوڵەمەند دەکەن نوسینێکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە “سیاسیە دزەکان سەدان شەریکی سەرمایەداری نامەشروع  و کۆمپانیایان ھەیە!” دەشڵێت: “سیاسییە دزەکانی حوکمڕانی و تاڵانچییەکانی داھاتی ئەم ھەرێمە کە لەسەر دزینی بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانی پێشمەرگەو زیندانی سیاسی و ئەنفال و کیمیاباران لەھەموو مەلیکەکانی دونیا خۆشتر دەژین و ژیانی خەڵکیان بەم کولەمەرگییە گەیاندووە ئێستە ھەموو خەریکی جۆرەھا دزی و خۆ دەوڵەمەند کردنن ھەریەکە لەڕێی دەڵاڵێکی بەناو سەرمایەداری ھەڵتۆقیوەوە کەپارەی دزراوی فڵان سیاسی پێیەو بۆی سپی ئەکاتەوە”

دەقی نوسینەکەی سۆران عومەر:

سیاسیە دزەکان سەدان شەریکی سەرمایەداری نامەشروع  و کۆمپانیایان ھەیە!

پێویستە ڕووی ڕاستەقینەی سەرمایەدارە شەریکەکانیان و دەڵاڵی دزی و سپیکردنەوەی پارەکانیان ئاشکرا بکرێ!

زۆر باس لەگەندەڵکارانی سیاسی ناو حوکمڕانی کراوە، بەڵام کەم باس لە وانە کراوە کە چۆن بەپارەی دزراوی ئەم سیاسیانە و شەراکەتیان و وەرگرتنی زەوی و پرۆژە بوون بەسەرمایەداری ناشەرعی! کەم باسی ئەوە کراوە چۆن فڵان لەپەنای ئەمانەدا لەپڕێ ھەڵتۆقی! کەم باسی دەڵاڵەکانی ئەم سیاسیانەو کۆمپانیاکانیان کراوە کە بەناوی کەسانی دیکەوە ھەیانە، کەم باسی سپیکردنەوەی پارەکانیان کراوە چۆن و کێ بۆیان دەکات! یان پرۆژەو کارگەو قاچاخچێتیەکانیان و زەوی داگیرکردن و تەخشان و پەخشانی چۆن کراوەو بۆ کێیان کردوەو لەژێرەوە ھی خۆیانە!

کاتی ئەوەیە حەقیقەتی دووەمی سیاسیە دزو سەرمایەدارە نامەشروعە شەریکەکانیان ئاشکرا بکرێ!

سیاسییە دزەکانی حوکمڕانی و تاڵانچییەکانی داھاتی ئەم ھەرێمە کە لەسەر دزینی بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانی پێشمەرگەو زیندانی سیاسی و ئەنفال و کیمیاباران لەھەموو مەلیکەکانی دونیا خۆشتر دەژین و ژیانی خەڵکیان بەم کولەمەرگییە گەیاندووە ئێستە ھەموو خەریکی جۆرەھا دزی و خۆ دەوڵەمەند کردنن ھەریەکە لەڕێی دەڵاڵێکی بەناو سەرمایەداری ھەڵتۆقیوەوە کەپارەی دزراوی فڵان سیاسی پێیەو بۆی سپی ئەکاتەوە، لەڕێی بەکارھێنانی دەسەڵاتەکەی بەپێدانی زەوی و پرۆژەو مۆڵەت و قاچاخی خۆیان و دەوروبەرەکەیان دەوڵەمەن کردووە بزنسی خەیاڵی لەناوخۆو دەرەوە ئەنجام دەدەن ھەریەکە لەپشتەوە یەکێکی لەکەسە نزیکەکانی داناوە بۆ ئیدارەدانی پرۆژە نامەشروعەکانی پێویستە ڕوی حەقیقەتی ئەم سیاسیە دزو دەڵاڵە بەناو سەرمایەدارانە زیاتر ھەڵماڵرێ تاکو ھەندێ لەوانەی کە وەک پیاوباش و خێرکارو خزمەتکاری خەڵک دەناسێنرێ بەڕای گشتی بناسێنرێ کە پارەی دزراوی میلەتی پێیەو فڵان سیاسی دزی حوکمڕانی خاوەنێتی! یان شەریکە دزی فڵان سیاسی ناو حزب و حکومەتەو بەجۆرەھا شێوازی نامەشروع زەوی و پرۆژەی پێدراوە و خۆیان لەژێرەوە شەریکن لەگەڵی!

ئەم سیاسیە دزانە لە لوتکەی دەسەڵاتەوە تێیاندایە بەکوڕو کچ و زاواو خزمە نزیک و پاسەوانە تایبەتەکانیانەوە، ئەبێ حەقیقەتی زیاتری ئەمانەو سەرمایەدارە ناشەرعیە شەریکەکانیان بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێ تا بزانن ئەو زۆرە ملیاردێرو ملیۆنەرانە پارەی دزراوی کاک فڵانی سیاسی و خەباتگێڕی پێیە کە لەمیلەتی دزیوە ئەگەر نا خۆی و باوک و باپیری پێشتر دەزانرێ کێ بوون و چییان ھەبووە وائێستە ھەڵتۆقیون و سەرمایەداری پلە یەکی ھەرێمن!

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button