ئەو شەڕڤانەی کەوتە دەست چەکدارەکانی سەر بە تورکیا سزای بەسەردا سەپێندرا

لڤین:

چیچەک کۆبانی، ئەو شەڕڤانەی یەپەژە، نزیکە ساڵ و نیوێک پێش ئێستا کەوتە دەست گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، لەلایەن دادگایەکی دەوڵەتی تورکیاوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپاندرا.

سەرچاوەکانی هەوڵی تورکیا بڵاویان کردەوە دوێنی لە دادگای سزا قورسەکانی شاری روحای باکوری کوردستان، دانیشتنی دادگاییکردنی (دۆزگین تەمۆ) ناسراو بە چیچەک کۆبانی شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، بەڕێوەچوو.

دادگاکە بە تۆمەتی تێکدانی یەک پارچەیی وڵات و یەکێتی دەوڵەت سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی، بەسەر چیچەک کۆبانیدا سەپاند.

لە کاتی هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو دەوڵەتە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، لە گوندی (مشرەفا)ی سەر بە شاری (عەین عیسا) چیچەک کۆبانی، شەڕڤانی یەپەژە، رۆژی (21/10/2019)، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە دەستگیرکرا، کە لەکاتی دەستگیر کردنیدا چەکدارەکان ڤیدیۆی دەستگیرکردنەکەیان بڵاو کردەوە کە مامەڵەیەکی نەشیاویان لەگەڵدا دەکرد ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە.

چیچەک لە دوای دەستگیرکردنیەوە ڕادەستی تورکیا کرایەوە و لەو کاتەوە لە شاری روحا لە باکوری کوردستان لە لایەن تورکیاوە زیندانیکراوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button