زێلێنسکی بۆ ئەمریکا: چەکى پێویستمان نەماوە بۆ بەرگریکردن

لڤین

ڤلادیمیر زێلێنسکی، هۆشدارى لە کەمبوونەوەى چەک و کەرەستەى سەربازى سوپاى ئۆکرانیا دەدات بۆ رێگرتن لە پێشڕەوییەکانى رووسیا، بەپێویستیشى دەزانێت کۆنگرێسی ئەمریکا لە زووترین کاتدا پاکێجی هاوکارییەکانی داهاتوو بۆ کیێڤ پەسەند بکات.

ڤلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆکى ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنىPBSـی ئەمریکی رایگەیاند، سوپای رووسیا توانی وێستگەی کارەبای گەرمی تریپیلیا لە نزیک کیێڤ لەناوببات، چونکە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا مووشەکی بەرگری ئاسمانییان تەواوبووە”.

گوتیشى، “چەک و کەرەستەى پێویستیان بۆ بەرگریکردن لە هێرشەکانى رووسیا کەمبووەتەوە و پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا لە زووترین کاتدا پاکێجی هاوکارییەکانی داهاتوو بۆ کیێڤ پەسەند بکات”.

لە شوباتى ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاریی بە بڕی 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان پەسەندکرد، لەو بڕەش 60 ملیارى بۆ ئۆکرانیا بووە.

لەدواى سەرهەڵدانى شەڕى بزووتنەوەى حەماس و سوپاى ئیسرائیل، لە 7ى ئۆکتۆبەرى 2023ەوە هاوکارییەسەربازییەکانى ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا کەمیکردووە، بەگوتەى زێلێنسکیش کەمبوونەوەى هاوکارییەکان کاریگەرى نەرێنى لەسەر شەڕى رووسیا و ئۆکرانیا دروستکردووە.

لە شوباتى 2022ەوەوە ئۆپەراسیۆنى سەربازى رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و بەگوێرەى ئامارەکان تاکوئێستا 20%ى خاکى ئۆکرانیا لەلایەن سوپاى رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە.

لەبەرامبەردا ئۆکرانیا چاوى لە هاوکارییەکانى ئەمریکا و وڵاتانى ناتۆیە بۆ رێگرتن لە پێشڕەوییەکانى رووسیا.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button