بۆ یەکەمجار رێنمایی تایبەت بە تەندروستی کرێکاران دەردەکرێت

لڤین

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ یەکەمجار رێنمایی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی کرێکار دەردەکات.

بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە لە رۆژنامەى وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، نابێت کرێکار بچێتە شوێنى کار ئەگەر لەژێر کاریگەریى ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکاندا بێت.

بەگوێرەى رێنماییەکان، پێویستە کرێکاران پاپەندبن بەو ئەرکانەى کە پێیانسپێردراوە، ئەو کرێکارانەى لە کارگەکان کاردەکەن پێویستە هەر شەش مانگ جارێک لە یەکێک لە تاقیگە باوەڕپێکراوەکانى وەزارەتى تەندروستى پشکنینى پزیشکى بکەن.

هاوکات، دەبێت خاوەنکار کارئاسانى و بەدواداچوونى ئەنجامدانى پشکنینەکانى پزیشکى لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا بکات و وێنەیەک لە ئەنجامى پشکنینەکان بپارێزرێت بۆ ئەوەى لەکاتى پێویستدا بخرێتەڕوو، پێویستە لەسەر پزیشک دۆخى نەخۆشییە پیشەییەکان و حاڵەتە مەترسیدارەکانى کرێکار بداتە لایەنى پەیوەندیدار.

لە نووسراوەکەدا هاتووە “لەو پرۆژانەى کە بوتڵى غازى تێدا بەکاردێت، پێویستە ناوى جۆرى غازەکە لەسەر بوتڵەکە بنوسرێت و ئامرازى تایبەت هەبێت بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنى مەبەست، هەروەها، سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریى و پێداویستییانەى دابیندەکرێن بۆ تەندروستى و سەلامەتى و پیشەیى لە شوێنى کار، بۆ کرێکاران بێبەرامبەرە”.

ئەمە یەکەمجارە یاساى تایبەت بە تەندروستیى کرێکاران دەردەکرێت، وەزارەتى کار دەڵێت ئامانج لێى پاراستنی ژیانی کرێکارانە لە شوێنی کاردا، لەبەرامبەردا پابەندکردنی خاوەنکار و کرێکارە بە مەرجەکانی تەندروستیی و سەلامەتیی پیشەیی لەپێناو پاراستنی ژیانی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت.

ساڵی 2023 لە هەرێمی كوردستان 73 کرێکار گیانیانلەدەستداوە.

لەکۆی ئەو 73 کرێکارەی گیانیانلەدەستداوە، 52 کرێکار لە هەرێمی کوردستان و 21 کرێکاریش لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بوونەتە قوربانی.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەشاری سلێمانی 19 کرێکار، لە هەولێر 22 کرێکار، لە دهۆک شەش کرێکار، لە هەڵەبجە پێنج کرێکار و لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان 21 کرێکار بوونەتە قوربانی.

سەبارەت بە هۆكاری گیانلەدەستدانی كرێكارەکانیش روونكراوەتەوە، هۆکارە باوەکانی قوربانیان بریتین لە کەوتنەخوارەوە، کارەباگرتن، بوون بەژێر ئامرازەکانی کارکردنەوە، سووتان، خنکان، تەقینەوەی ئامێر و ئامڕازەکان، تەمەنی قوربانییەکان، لەنێوان 15ساڵ بۆ 70 ساڵ بوون، هەروەها 18 کرێکاریان بیانی بوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button