وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە: ژمارەی کوژراوانی غەززە له‌ 30 هەزار کەس نزیكده‌بێته‌وه‌

لڤین

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، لەماوه‌ی‌ 24 کاتژمێری ڕابردودا 86 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە كوژراون‌ و ژمارەی کوژراوانیش لەدەسپێکی شەڕی ئیسرائیل‌و حەماس له‌ 30 هەزار کەس نزیكبۆته‌وه‌.

هێرشه‌كانی‌ سوپای‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ نزیكه‌ی‌ پێنج مانگه‌ به‌رده‌وامه‌، تادێت ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان ڕو له‌زیادبون ده‌كات، وەزارەتی تەندروستیی غەززە، نوێتریین ئاماری قوربانییەكانی بڵاوكردەوە، به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌كه‌، لەدەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا 29 هەزارو 692 هاوڵاتیی غەززە كوژراون‌و 69 هەزارو 879 كەسی دیكه‌ش برینداربون.

ده‌شڵێت، 142 ڕۆژە هێرش‌و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، جگه‌ له‌و ئامارانه‌ی‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌،  بەشێکی زۆریش لەقوربانیان تا ئێستاش لەژێر داروپەردوی ڕوخاوی بیناکاندا ماونەتەوەو تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتنیش بۆیان ئەستەمە بتوانن ڕزگاریان بکەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی شەڕو پێكدادان‌و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیله‌وه‌، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردودا 86 كەس لەغەززە كوژراون‌و 131ی دیكەش بریندار بون.

وەزارەتی تەندروستی لەغەززە ئەوەشی‌ خستۆتەڕو، 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی 350 هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لەغەززە بەبێ چارەسەرن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button