فاشیل لەسەرکەوتندا، سەرکەوتوو لەفاشیلیدا

حوکمڕانی هەر کۆمەڵگەیەک، ئەگەر دیموکراسیی بێت، یان دەسەڵاتی لەتاکە کەسی و عائیلی، ڕوونە کە زادەی پارتە سیاسییەکانیەتی یان لەعائیلەی دەسەڵاتدارەوە سەرچاوەی گرتووە.. هەموو حوکمدارێکیش شایستەی ئەو خەڵکەیە کەهەڵیئەبژێرێت، کەبۆ مانەوەو درێژەدان لەدەسەڵات؛ پێویستە تەسکترین بۆشایی بهێڵێتەوە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتە ئیدارییەکەیدا، بۆ ئەوەی کەمترین کێشەو سەرئێشە بۆ خەڵکەکەی دروست بکات و لانی کەمی ئارامیی سیاسیی و دارایی و ئەمنیی و کۆمەڵایەتی بۆ خۆیان و خەڵکیش فەراهەم بکەن.
لەکوردستان، بەدرێژایی تەمەنی سیستمە سیاسییەکەی، نەتوانراوە ئەوە بۆ خەڵک بەرجەستە بکرێ، بەردەوام لەناجێگیری سیاسیی و ئیداریی و ئابووری و سەربازیی و کۆمەڵایەتی دا ژیان گوزەراوە، کار گەیوە بەوەی لەناو خودی حزبەکانیش ناجێگیری و دڵەڕاوکێ تووشی ئەندامان و لایەنگرانیان هەبێت، ئەوەش هیچ کات لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان نەبوون و ململانێکان لەسەر دەسەڵات و دەستکەوتە شەخسییەکان بووە.
ئیتر چۆن بەئومێدی سەرکەوتن بین؟!
دواهەمیین دەسەڵاتی ئیداریی بەناو تەوافوقی نێوان ئەم حزبانە، بەرپرسیاری یەکەمە لەهەموو ئەوشکستانە.
پاوانخوازیی و یەکتر سڕینەوەو نانیشتمانیی بوون، بێباکیی لەئاست دەستکەوتەکانی خەڵک، بێباکی لەبەرامبەر ڕووباری خوێن و ئەو هەموو کارەساتەی لە ۱٠٠ ساڵی ڕابردوودا بەسەر ئەم میللەتەدا هاتووە، یاریکردن بەقووت و داهات و خاک و گەلی کوردستان و دەروونی نائارامیی تاک بەتاک و ئایندەیان، دابەشبوون و جەمسەرگیریی لەنێوان تورک و فارس و عەرەب، کەدوژمنایەتی تاسەر ئێسقانی ئەم گەلەو ئامانجەکانی ئەکەن، بەهەند وەرنەگرتنی ئەو هەموو پشتیوانییە سیاسیی و دارایی و سەربازییەی دۆستەکانی کورد خستیانە بەردەست.. گەیاندووینی بەم ڕۆژە!
بەڕاستی دوژمنەکانیش ئیرەییمان پێ نابەن!
سەرباری هەموو ئەوانە، تائێستەش ئامادە نین چاوبخشێننەوە بەو سیاسەتە چەوتەی لەبەرامبەر یەکتر و لەبەرامبەر دۆست و دوژمنەکانمان پەیڕەوی ئەکەن.
ئەمەوێت سەرکەوتنێک لەیەک ستراتیژدا لەیەک تەکتیکدا بەدی بکەم بۆ ئەوەی خوێنەر پێم نەڵێت “ڕەشبین”.. بەدی ناکەم!
ئەمەوێت بەهانەیەکی لۆژیکی بهێنم بۆ شکستێکی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵییە.. بەڵام بەدی ناکەم!
ئەم دۆخەی ئەمڕۆش کەخەڵک و خاک و سیستمە ئیدارییەکە تێدا ئەژین، بەئابڵۆقەدانی ئابووری و سیاسیی و یاسایی و دبلۆماسیی و سەربازیی و فشارە دەرەکیی و ناوخۆییەکان، کەشڵەژان و نائارامیی دەروونی لای تاکەکانی کۆمەڵگە گەیاندۆتە ترۆپک، زادەی ئەدائی ئەوانە، بەحزب و حکومەتەکانیانەوە! کەخەڵک نەیتوانی لەخولگەیان دەربچێت و هەردوو قوتابخانەی مەلالیزم و جەلالیزم و پەیوەستەکانیان و مۆدێلی حزبی چەکدارو ئەمنیی تێپەڕێنێت، نوخبەی خەڵک لەفەزایەکی مەدەنی و دیموکراسیدا بەدیلی فکریی و ئیداریی و سیاسیی و حزبیی “نوێ” ڕێکبخات.
حەتمییە، “ئەبێت” ژینگەیەک دروستکرێ “تەندروست”، بۆ هەموو کایەکان، تا نەخشە ڕێگەی دەربازبوون لەو هەموو قەیرانە، بەڕوونی دیاریی بێ و بیگرینەبەر..
ئێمە دڵنیایین و ئەشتوانین بڵێن؛
ئێوە ئەندازیاری شکستهێنان بوون بەسەرکەوتنەکانمان و داهێنەری شکستەکانیشن..
لوژیکییە کە ناتوانن بۆ ئەبەد بەردەوامبن.

ئامانج نوری

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button