یەکێتی لە فەوزادا

وەرگیراوە لە فەیسبووکی هونەر تۆفیق
هەمیشە کە بەراوردی نێوان زۆنی سەوز و زەرد دەکرێت ، باسی فەوزا دێتە پێشەوە . دەڤەری یەکێتی زۆنێکی پڕ لە فەوزا و بێسەروبەریە ، دەڤەری پارتیش زۆنێکی ئارامی بێ کێشە و گرفتە !!
یەکێتی لە دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆی حیزبێکە لەناو کلتوری فەوزادا خولقاوە و بە فەوزادا گەورە و بچوکبۆتەوە . بەبێ فەوزا ناژی و لەفەوزاشدا هەمیشە تەحجیم دەکرێت و ناهێڵرێت لەوەی هەیە زیاد و کەمبکات . بەڵام کەلتوری سیاسی پارتی لەدروستبوونیەوە بەناو تەقلیدێکی محافزکارانەی حسابکردن بۆ سەرگەورە و گوێڕایەڵی بچوک لە گەورە خولقاوە . بۆیە بەتانەوە بە یەکێتی دەڵێن بێ سەرگەورەیە ، چونکە سەرگەورە لە پارتیدا قسەی ئەوەڵ و ئاخیری لایە .
ئەو کلتورەی پارتی کە ئیمکانیەتی یەکدەنگی نێوخۆی پێداوە ، لەهەمان کاتدا توانای گەورەکردن و بچوکردنەوەی فەوزاکانی ناو یەکێتیشی پێبەخشیووە کە بەپێ ی بەرژەوەندی خۆی فەوزای ناوچەی یەکێتی گەورە و بچوکبکاتەوە .
لەکاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن و فشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی سەر حکومەتەکەی پارتی بەهۆی زیندانکردنی چالاکوانەکان و پشتیوانی لە تورکیا لە دژی پەکەکە ، پارتی پێویستی بە خۆ خاڵی کردنەوەیە . باشترین و گونجاوترین فەزاش بۆ خاڵی کردنەوەی فشارەکان ، دەڤەرە پڕ لەفەوزاکەی یەکێتی یە .
ئەو پەندەی دەڵێت بە بەردێک دوو چۆلەکە دەپێکێت ، لەم دۆخەدا لە توانای پارتیدایە چەندین چۆلەکە نیشانە بکات .
لەلایەک لەڕێگای لێدان لە غالبی پارلەمانتاری بەغداوە، هەڕەشە و هێرشێکی راستەوخۆی کردە سەر فراکسیۆنی هیوا ، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش عەزەڵاتی خۆی نیشاندان کە دەتوانێت لەهەر کوێ بن زەفەر بە نەیارەکانی بەرێت . لەهەمان کاتدا فرسەتی لە فەوزاکانی ناو یەکێتی گرتەوە کە بەئاسانی کەرتیان بکات و دابەشیان بکاتەوە بەسەر خۆی و نەیارەکانیدا . بەنەیارەکانیشی لەناو یەکێتیدا گوت کەی بمەوێت لە کردەیەکدا ناکۆکتان دەکەمەوە کەلەسەر من شەڕ لەنێوان خۆتاندا بکەن . ئەوەشی بە نەیارە نایەکێتیەکانی گوت لەناو زۆنەکەی خۆی و دەرەوەی خۆشیدا ، لە هەرکوێ بن دەستم پێتان دەگات . لە نزیکترین کاتیشدا خەڵاتی ڕێزلێنان لە چەقۆکێشەکان دەکات .