جەمیل بایک:پارتی، تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت پەکەکە لەناوبەرن

لڤین:
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە هەڕەشە دەکات و دەڵێت، پارتی و تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دەیانەوێت پەکەکە لەنێو ببەن، بۆ ئەوەی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەوروپا بکەن، بەڵام “ناتوانن”.
جەمیل بایک، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پەکەکە، رۆژی 30ی نیسانی 2022 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیایەکی نزیک لە پەکەکە رایگەیاند، هێڵی گەیاندنی گازی سرووشتیی ئەوروپا بە کوردستاندا تێپەڕدەبێت و گوتی: “ئەوروپا و تورکیا و پارتی دەیانەوێ ئەو رێڕەوە لە چوارچێوەی ئامانج و بەرژەوەندیی خۆیان کۆنتڕۆڵبکەن و هەوڵی لەناوبردنی پەکەکەش دەدەن، بەڵام ئەوەیان پێناکرێت”.
جەمیل بایک رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت بەوەی لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بێدەنگن و ئاماژەی بەوەدا، وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا هەوڵدەدەن هێڵی گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا ببڕن و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گازی سرووشتی بگوازنەوە و گوتی: “ئەو هێڵی گازی سرووشتییە بە کوردستاندا تێدەپەڕێت و هەر بۆیە هەوڵی لەناوبردنی پەکەکە و بێکاریگەرکردنی گەلی کورد دەدەن”.
جەمیل بایک لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “بەڵام حیسابی هەڵە دەکەن. هەرچەندە لە حیسابی ئەواندا ئەمە هەبێت، ئەوەی دوژمنایەتی پەکەکە بکات، دوژمنایەتی گەلی کورد بکات، ناتوانی ئەو حیسابانە پێکبهێنێت. حیسابی ئەوان حیسابی بەتاڵن، پێویستە ئەمەش بزانن.”