وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ناتوانین ناوچەی دژە فڕین لە ئۆکرانیا رابگەیەنین

لڤین:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند:” کە راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین لە ئۆکرانیا بەھۆی مەترسی سەرھەڵدانی جەنگ لەگەڵ روسیا، ئەستەمە.”

ئانتۆنی بڵینکن لەبارەی پەیوەندی روسیا لەگەڵ رۆژئاوا لە دوای ھێرشکردنە سەر ئۆکرانیا وتی: “روسیا زیاتر لە ھەموو کاتێک گۆشەگیرتر کراوە و ئێمەش زیاتر لە ھەموو کاتێک یەکمان گرتووە”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ھێرشی روسیا بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا ھەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە و دەشڵێت: “روسیا پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بە ھێرشەکانی بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی بھێنێت و رێگە بە کارمەندی مەدەنی ئەو شوێنە بدات کە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن”.

ئانتۆنی بڵینکن سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین لەسەر ئۆکرانیا وتی: “بەرپرسیارێتی ئەوەشمان لەسەرە کە ئەم جەنگە نەپەڕێتەوە بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا. تاکە رێگای دروستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین بریتییە لە ناردنی فڕۆکەی ناتۆ بۆسەر ئاسمانی ئۆکرانیا و کردنە ئامانجی فڕۆکەکانی روسیی، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرپاکردنی جەنگ. ھەروەکو پێشتر سەرۆکی ئەمریکا باسی لێوە کرد ئێمە ناچینە جەنگ لەگەڵ روسیا”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button