مسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

لڤین:

درەنگانێکی شەوی ڕابردو،تیرۆریستانی داعش لە پەلامارێکی ترسنۆکانەدا، پەلاماری خاڵێکی پاسەوانی هێزەکانی پێشمەرگەی لیوای ٥ی پیادەیان لە تەپکی (کەڵان) لەسنوری کوڵەجۆ دا، بەداخەوە، چوار پێشمەرگە بریندار بوون، هێزەکانی پێشمەرگە، بەتوندی بەرپەرچی پەلامارەکەیان دایەوە، لە کاتی چون بەهانای ئەو پێشمەرە بریندارانەوە مینێکی چێندراو تەقیەوە بە ئۆتۆمبیلێکی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون.

مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

زۆر بە داخەوە كە لە شەوی ڕابردوودا لە ئەنجامی كردەوەیەكی تیرۆریستیی تیرۆریستانی داعش، لە سنووری کوڵەجۆ ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان لە كاتی ئەركی پیرۆزی خۆیاندا شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری شەهیدەكانمان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواكارم گیانی ئەو شەهیدانە بە بەهەشتی خۆی شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە خانەوادە و كەسوكاریان ببەخشێت و، هیوای چاكبوونەوەش بۆ بریندارن دەخوازم.

شەهیدبوون و قوربانیدان لەپێناو پاراستنی خاك و نیشتیماندا ئەوپەڕی شانازی و سەربەرزییە. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.

مسعود بارزانی

28ی تشرینی دووەمی 2021

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button