هاوڵاتیانی عێراق بەبێ‌ ڤیزا ده‌توانن گەشتی 28 وڵات بكەن

لڤین:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دروستكردنی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی عێراقی ئێستا لە قۆناغی كۆتاییدایەو جەختیشی كردەوە كە هەموو هاوڵاتییەك ئێستا دەتوانێ گەشتی (28) وڵات بكات بەبێ وەرگرتنی ڤیزا.

(ئەحمەد عەزاوی) بەڕێوەبەری كاروباری پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئاژانسی دەنگوباسی عێراق رایگەیاند،” وەزارەتەكەمان گەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی بۆ دروستكردنی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی و هەموو پێداویستییەكانیش بۆ جێبەجێكردنی ئەم پاسپۆرتە نوێیە ئامادەن”.

ڕاشیگەیاند،” پاسپۆرتە ئەلیكترۆنییە نوێیەكە تەواو جیاوازە لە پاسپۆرتەكەی ئێستاو لاپەڕەی یەكەمی پلاستیكییەو سەرجەم زانیارییەكانی تێدا تۆماركراوەو بەهیچ شێوەیەكیش ناتوانرێ ساختە ناكرێ”.

جەختیشی كردەوە كە،” ڕیزبەندی پاسپۆرتەكانی جیهان پەیوەندی بە بەهێزی كوالێتی پاسپۆرتەكەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ڕێگەپێدانی چوون بۆ وڵاتان و جوولەی بازرگانی و سیاسییەوە هەیە”.

عەزاوی ڕاشیگەیاند،” ئێستا هەموو هاوڵاتییەكی عێراقی دەتوانێ بەبێ وەرگرتنی ڤیزا گەشتی (28) وڵات بكات، ڕاشیگەیاند: كە كۆریای باشوور وەك دوایین وڵات ڕێگەیدا هەڵگرانی پاسپۆرتی دبلۆماسی عێراقی سەردانیان بكەن، هەروەها قوبڕسیش ڕێگەیدا ئەوانەی مۆڵەتی گەشت یان پاسپۆرتی دبلۆماسییان هەیە دەتوانن بچنە وڵاتەكانیان”.

بەڕێوەبەری كاروباری پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆ لە كۆتاییدا ئەوەی خستۆتەڕوو،” كە بەردوام باشبوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات وادەكات پاسپۆرتی عێراقیش بەهاكەی بەرزبێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button