ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و کۆمەڵێک مزگێنی…

لەگەڵ هەموو کەم و کورتیەکان، لەگەڵ خراپیەکانی بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن خەڵکی ناڕازی، لەگەڵ سەرکەوتنەوەو بەزۆرینە مانەوەی گەندەڵکاران، لەگەڵ هەموو ئەو مەترسیە چاوەڕوانکراوانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی عراق ببنەوە بەهۆی دەست تێوەردانە دەرکیەکان، بەتایبەت کە بەرەی شیعەی لەئێران نزیک کەمی کردیە و ڕەنگە ئیدی لایەنە چەکدارەکان کۆمەڵێک پشێو بنێنەوە.

بەڵام ئەم هەڵبژاردنە چەند مزگێنیەکی بەخەڵکی ئازادی خوازی عێراق و کوردستاندا.
لەوانە:
– هۆشیاربوونەوەی بەشێکی باشی دەنگدەران کە توانیان بەحزبە تەقلیدیەکانیان بڵێن “نەخێر بۆ ئێوە”، واتا سزادان لەڕێگەی هەڵبژاردن بەزەقی هەستی پێکرا.
– حزبەکان لەجیاتی وەک جارانی پێشو هەموو شکستەکانیان بخەنە ئەستۆی تەزویر و ئەم و ئەو و خۆیان دووربگرن، گەورەییان نواند بەشێک لە بەرپرسیارێتی شکستیان گرتە ئەستۆ و چاوەڕوان دەکرێت ئیدی دەرس وەرگرن و تێبگەن ئەوەی درۆ لەگەڵ جەماوەرەکەی بکات ئەمڕۆنا سبەی جەماوەر پشتی تێدەکات.
– مزگێنیەکیتری گرنگ ئەوەبوو لەڕێی هەڵبژاردنەوە ڕێزگرتنە لە خەباتی ژنان و بەشداری سیاسیان، ئەو پێشوازی و پشتیوانیەی لەم هەبژاردنە لە بەشداری سیاسی ژنان کراوە، پێشتر نمونی کەمبووە لەعراق. بەشێکی زۆر لەژنان لەئاستی عراق بەدەنگی خۆیان و بەبێ کۆتا سەرکەوتن بەشێوەیەک کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 5٪ی زیاتر لە ڕێژەی دیاریکراوی کۆتا کە بەپێی یاسا، کۆتای ژن 25٪ی کورسیەکانی پەرلەمانی عراق پێک دەهێنێت کە دەکاتە 83 کورسی، بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 97 ژن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە سەرکەوتن، کە ئەگەری زیادبوونی دوو کورسیتریش هەیە. ( لە ڕاستیدا ئەوە گرنگی کاریگەری سیستەمی کۆتا لەچەند ساڵی ڕابردو نیشاندەدات).

لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە ئیتر نوخبەی دڵسۆزی نیشتمانی و خوێندەوار و ڕۆشنبیر لە ژن و پیاوانی خەباتکار، دەرس وەرگرن و لەجیاتی پاشەکشە و تەسلیم بوون و دانیشتن و دوورکەوتنەوە بفەرموون بەرەیەکی نیشتمانی بەهێز پێکبهێنن تا بتوانن پارسەنگی دەسەڵات ڕاگرن لە بوونی ئۆپۆزسیونێکی بەهێز کە بەپێی زانست و تیۆرە سیاسیەکان مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی سیستەمی دیموکراسیە لە هەموو دوونیا

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button