ژن و کاندید

گاڵتەجڕیەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن‌و ڕاگەیاندنی کوردی گەیشتۆتە ئاستێک، مرۆڤ ڕاگەیاندن‌و سیاسەتی لەبەرچاو بکەوێت.

هەرگیز نەمویستوەو نامەوێت قسە لەسەر هەڵوێستی تاکەکەسی هیچ کەسێک بکەم، بەڵام هەڵوێستی ئەم خاتونە کاندیدەی حزبێکی ئیسلامی هێندە سەیرەو کاردانەوەکان هێندە نەزانانەن کە ناچاریان کردم بە نوسینی ئەو بابەتە.

هێنانی ژنی دووەم بۆ مێردەکەی ((کە بابەتێکی کەسی و خێزانیە)) و تێکەڵکردنی بەهەڵمەتی هەڵبژاردن ((کە بابەتێکی سیاسی گشتی و گرنگە)) جێگای سەرنجە‌و دەبێت هەڵوەستەی لەسەربکەین.

ئەمە بۆچی؟ پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتی و پرۆسەی سیاسیەوە هەیە؟

تەنها مەگەر لەو چوارچێوەو لێکدانەوانە جێگای لۆ بکەینەوە..

ئێمە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان لەمێژساڵە گوتیتمان کە دارایی سەربەخۆ بۆ ژن، پایەی هەرە سەرەکیە لۆ بەدەست هێنانی ماف و ئازادیەکانی، لەوە دەچێت ئەم خاتونەش پێیوابێت بەبوونی بە ئەندامی پەرلەمان، ئیتر پێویستی بە مێردەکەی نامێنێت و سەربەخۆیی خۆی هەڵدەبژێرێت‌و بە هێنانی ژنێکیتر بۆ مێردەکەی، لەکۆڵ خۆی دەکاتەوە.

خۆ دەشکرێت مەرجی ڕێگەدان بە خۆکاندیدکردن و کاری پەرلەمانی و بەشداری سیاسی ئەم خاتونە لەلایەن مێردەکەی ئەوەبوبێت کە ژنێکیتری لۆ بهێنێت.

ئەو دوو لێکدانەوەیە کۆمەڵایەتین و جگە لەو دوو بەڕێزە کەسیتر ناتوانێت بیان سەلمێنێت.

بەڵام لەڕووە گشتیەکەی ئەم بابەتە ئەرێ ئەگەر دەیەوێت ژنی دووەم لۆ مێردی خۆی بهێنێت لۆ دەیخاتە دوای بوونی بە ئەندامی پەرلەمان و ئێستا و پێشتر ئەو خەڵاتەی بە مێردەکەی نەدەبەخشی؟!

ئایا پێیوایە پیاوانی مەستی فرەژنی و هەوەسی دوور لەبەرپرسیارێتی، بەو بەڵێنەی خانم بەمێردی خۆی داوە ئەوان هەڵخەڵەتێن و دەنگی پێ بدەن؟

یاخود ئامانجەکە تەنها راکێشانی سەرنجی راگەیاندنە کەم ئەزموون و نەزانەکانە تا یارمەتی ناسینی بدەن، و ببێتە جێی سەرنجی هاوڵاتیان، کە لەم جۆرە کارانە زۆرن و نموونە و پەندی کوردی جوانیشمان لەسەری هەیە. دەمەوێت لەوە تێبگەین ئەم بابەتە چ پەیوەندی بە هەڵمهتی هەڵبژاردنەوە هەیە؟!!

بۆچی دەیکاتە بەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردن؟! سودی ئەوەی کە مێردی ئەو خاتوونە دوو ژنی هەبیت بۆ کوردستان و قەزیەی کوردی و ناوچە دابڕێنراوەکان و قوتی خەڵک و بودجەی کوردستان چیە؟

بەڕاستی جگە لەو کۆمەڵە پرسیارو شیکردنەوەو گاڵتەکردن بە مێشکی تاکی کۆمەڵگا هیچ حکمەتێکیتر لە لێدوانی ئەم خانمەدا نیە.
واللە اعلم…

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button