نەخێر بۆ بەکاڵاکردنی ژن لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا

هەڵمەتی “تزوجني بدون مهر” واتا “هاوسەرگیریم لەگەڵ بکە بەبێ مارەیی” هەڵمەتێکی گرنگی شێوێندراوە! دەبوا بڵێت “اتزوجک بدون مهر” واتا “هاوسەرگیریت لەگەڵ دەکەم بەبێ مارەیی” لەواتاو فەلسەفەی پەیامەکەدا جیاوازی زۆر هەیە.

لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا مارەیی جۆرێک لە موڵکداری و بێ بەها کردنی بە ژن داوە، و پیاوی کردوە بە مالک و ژن بە موڵک. چونکە پێوەری هەڵسانگاندن و نرخی مرۆڤ دەبێت لە پارە گەورەتربێت و لە ڕێز لێگرتن لەخۆی و تواناکانی خۆی ببینێتەوە، ژن دەبێت بە تەواوکەر و نیوەکەیتری پێکهێنانی خێزان سەیر بکرێت، نەک وەک کاڵایەک.

ژن دەبێت دژی مارەیی بێت نەک تا هاوسەرگیری لەگەڵ بکرێت، بەڵکو ژن دەبێت دژی مارەیی و نرخ لەسەر دانانی بێت تا بتوانێت لە بەکاڵابوونەوە خۆی بپارێزێت و هاوسەرەکەی وەک مرۆڤێکی تەواوی هاوڕێ و هاوکار و نیوەی پێکهێنانی خێزان و کۆمەڵگا سەیری بکات، نەک وەک کاڵایەک کە لەبەرامبەر بڕێک پارە وەریگرتووە. لەو کاتەدا یەکسانی و عەدالەت و ڕێز و هاوبەشی لەنێو خێزاندا دروست دەبێت. کامەیان کامیان دەخوازێت گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە دەبێت دژی ئەوەبین پارە رۆڵی سەرەکی ببینێت.

پێکهێنانی خێزان و بەردەوامبوونی، پرۆسەیەکی گرنگ و مەرجی بەردەوامبوونی مرۆڤایەتیە و نابێت بە بڕێک پارە و زێڕ و زیو نرخەکەی دیاری بکرێت. ئەو ئامانجەش تەنها بە هەوڵ و بڕیاری ژنان نایەتە دی، بەڵکو دەبێت پیاوان ((بەتایبەت پیاوانی ڕۆژهەڵات و وڵاتانی دواکەوتو)) ئەقڵ و بیریان فراوان بکەن و نرخی هاوسەرەکانیان بەپێی ئەو بڕە پارەیە سنوردار نەکەن کە وەک مارەیی بەخشیویانە.

جا دەتوانین هەموان بڵێین “نەخێر بۆ بەکاڵاکردنی ژن لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button