گۆڕان چی بۆ خەڵك كرد و چی بە ئۆپۆزیتسێۆنبوون كرد؟؟

یەكێتی و پارتی لە 30 ساڵی رابردوودا ئەوەی پێیان كرا چ وەك حیزب چ وەك حكومەتە هاۆبەشەكانیان و پەرلەمانە دەمچەور و بێ دەسەلات كراوەكانیان لە گەندەڵی و خراپەكاری، لە شەری كورد بە كورد كوشتن، لە یارمەتیدانی داگیركەران جارێك بە ناراستەوخۆ بەوەی چاۆپۆشی لە هاتنی سوپا و بومبارانكردن و تۆپارانەكانیان دەكەن و جارێكیش بە راستەوخۆ ساتێك پێش لەشكری و چاۆساغیان بۆ دەكەن، لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، لە لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و لە لە لەناو بردنی هەستی نیشتیمانی و شۆرشگێڕێتی، لە بێ ڕیزیكردن بە ئامانج و خوێنی شەهیدان و لە ڕێز لێنان و لە ئامێزگرتنی كۆنە بەعسی و جاش و موستەشارەكان، لە پاراستنی ئەنفالچیەكان لە دادگایی كردن، لە تێكەڵكردنی جاش و باش پێكەوە.

ئەمانە بەدەر لە هەموو بەهەدر دانی سەرەوەت و سامانی سەر زەوی و بن زەوی ئەم ووڵاتە، لەوەش گرنگتر لە بەهەدر دانی سامانی مرۆیی ئەم گەلە بڵاوكردنەوەی نا ئۆمیدی لە نێوان گەنجان و ناچاركردنیان بۆ كۆچكردن. لە هەڵگێرانەوەی راستییەكان، شكستەكان بە دەسەكەوت لەقەڵەمدان، لە هەڵهاتن لە بەرامبەر بە دوژمن بە سەركەوتن نیشاندان. لە بردنی كومەل بەرەو دوواوە، لە حوكمرانی بنەماڵەیی، لە زیندووكردنەوی سیستێمی خێلەكیی لە سپی كرنەوەی پارە لە بردنی پارە بۆ دەرەوەی وولات، لە قۆرخكاری بازار. ئەمانە و دەیان كاری قیزەوەندی تر.

نا رەزایەتی خەلكی زۆرتركرد. ئا لەو كاتەدا گۆڕان دامەزرا. گۆڕان لەسەرەتادا كەمێك هیوا بۆ خەڵك گێڕایەوە، خەڵكی نارازی كۆكرایەوە، بەشێك لە گەندەڵیەكان خرانەروو، خەڵكی كەوتە خۆ ڕێكخستنەوە، دەربرینی نارەزایەتی. كاك نەوشیروان لە لێدوانێكدا زۆر راستی فەرموو كاتێك ووتی: گۆڕان دەبێت سیستێمی حوكمڕانی بگوڕێت نەك دەمووچاوەكان، چونكە هەرچی بچێتە ناۆ ئەم سیستێمە ئەویش وەك ئەوانی لێ دێت. بەڵام گۆڕان دوای ئەوە چی كرد؟؟ بۆخووی حكومەتی هاۆبەشی پێك نەهێنا و نەچووە ناۆ سیستێمەكەوە؟ نەبوو بە بشێك لەو دەسەڵاتەی داوای رووخاندنی دەكرد؟؟ چۆن ڕێ تێدەچیت بە وەرگرتنی چەند وەزارەتێك لە حكومەتێك گەندڵ دا، چاكسازی ئەنجام بدرێت؟؟؟

هەر چۆن نەدەكرا لە سایەیی حكومەتی فاشی بەعسەوە لە عیراقدا دیكتاتۆریەت پەیڕەر بكرێت و لە كوردستاندا دیموكراسیەت بەرقەرار بێت، ئاوهاش ناكرێت لە حكومەتێك گەندەڵ دا بە چەند وەزیرێك ریفۆرم و چاكسازی ئەنجامبدرێت.

ئایە گۆڕان ڕێكەوتنی “ژوورە تاریكەكانی” و “پشت پەردەكانی” دووبارەنەكردەوە؟؟ كێ ئاگادرای ووردەكاری ناۆەرۆكی ڕێككەوتنامە و كۆبوونەوەكەی پیرمامە؟؟ گۆڕانیش دوای وەفاتی كاك نەوشیڕوان سیستێمی بنەماڵەیی لە رابەرایەتی گۆڕان دا پەیڕەو نەكرد؟؟ چی مایەوە لە ئۆپۆزیتسێون بوونەكەی گۆڕان؟؟ ناۆی ئۆپۆزیتسیۆنی و دامەزراندنی حیزبی ئۆپۆزیتسیۆنی نەزراند؟؟ گۆڕان چی گۆڕی؟

– بەدەر لە فراوانكردنی بێ متمانەی لە نێوی خەلكی نارازەی بە ئۆپۆزیتسێۆن بوون؟
– بەدەر لە خزمەت كردن بەهێزكردنی پارتەدەسەڵاتدارەكان
– بەدەر لە خۆی؟؟

دەبا لە خۆمان بپرسیین، گۆڕان چی بەدەستهێنا؟
گەندلێ نەهێشت؟ یان تەنانەت رادەكەی كەم كردەوە؟؟
گەندەلكارێكی گەورەی گەیاندە دادگا؟
سەروەری یاسا و دادگایی هینایە كایەوە؟ دادگاكانی بێلایەن كرد؟؟
هێزی چەكداری لە دەست حیزبەكان سەندەوە؟
خزمەتگوزاریەكانی باشتر كرد؟
سەركەوتوو بوو لەوەی مووچەی بەبێ پاشەكەوت و بەبێ لێبڕین و یان لە كاتی خویدا بدرێت؟؟
داهاتی هەریمی كوردستانی بە بواری نەوتەوە شەفاف كرد؟
دادپەروەری كومەلایەتی بەرقەرار كرد؟؟ هەلی كاری بۆ گەنجان رەخساند؟؟
دەربڕینی ئازادەیی بیرورای جیگیركرد؟ تازە ناڵیین فراون تر؟؟
یەك داخوازی سەرەكۆنەكردنی داگیركردنی كوردستانی خستە ناۆ پەرلەمانەوە؟؟

دوای ئەم هەموو پرسیارە راستە بڵیین گۆڕان نەك هیچ یەكێك لەوانەی نە گۆڕی بەڵكو بووەتە كۆڵەكەكەی پشتەوەی ئەم دەسەڵاتە، دیوەكەی ئەو دیویی میدالایاكە.
ئەمەی بۆ گوڕان راستە بۆ هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری و نەوەی نوێش راست ترە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button