دەست نیشان كردنی دۆست و دوژمن ئەركی لەپێشینە سەركردەكانە

لە ساڵیادی كارەساتی داگیركرنی شەنگال دا چەند راستییك و تیًبینیەك لەسەر پەیامی سەرۆكی پارتی:
بەر لە هێرش بردن و داگیركرنی شەنگال:

– تێروانینی هەڵەی سەروكی هەریم هەم بۆ داعش و هەم بۆ پێشهاتەكانی ئایندە:

1. سەرۆكی هەریمی ئەو كات داعشی بە مەترسی بۆ سەر كورد نەدەزانی و پێشبینی ئەوەشی نەدەكرد كە داعش هێرش بۆ سەر كوردستان بكات

2. دەستگرتن داعش بەسەر چەندین پاریزگای ناوەراستی عیراق بە كێشەی نیوان شیعە و سوونەی لە قەلًەم دەدا و بێلایەنی كورد لەم جەنگەدا هەڵبژارد .

3. لەم روانگەوە هەڵەیەوە، سەرۆكی هەریم، وەك فەرماندەی گشتی هەموو هێزە چەكدارەكانی كوردستان بوو (بەلایەنی كەمەوە لە رووی شكڵیەوە)، نە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی خست بووە ئامادە باشیەوە و نە بەرەكانی پێشەوەی پڕچەك كردبوو.

– هەڵبەتە هۆكارگەلێكی تر هەن كە بوار نییە باسی بكەین، تەنها ئاماژەیان پێدەدەین، لەوانە، كەمتەرخەمی لە پەیدا كردنی چەكی جۆری بۆ پێشمەرگە لە ماوەی 23 ساڵی بەر لە هێرشكردن بۆ سەر شەنگال و گەرچی بە لایەنی كەمەوە 24% بودجەی هەریمی كوردستان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ تەرخان كرا بوو، كەمتەرخەمی لە مەشقكردن بە پێشمەرگە و بەم هۆبەشەوە كەمی شارەزا یی هێزی پیشمەرگە لە جەنگی بەرەیی و نەبوونی هیچ ئانیاریەك لە جەنگی ناۆ شاردا، هەڵهاتنی فەرماندەكانی بەرەكە و پەردەپۆش كردنی ئەم كەمتەرخەمیی و ناۆزەد كردنی كە بە تەكتیك، هەڵئاوسانی ژمارەیی هێزی پێشمەرگە بە مەبەستی گەندەڵیكردن بە كەسانێك كە شارەزاییان لە شەر و كاری سەربازیی دا نەبوو، بەتایبەتی لە ناۆ پلە باڵاكانی هێزە پێشمەرگە دا

داگیركردنی شاری موسل لە 9/6/2014 دا و دەستگرتن بەسەر زۆر ناۆچەی سوریا بە تایبەتی لەسەر سنووری عیراق لە رووی سەربازیەوە بۆ ئەوان گرنگ بوو كە ئەو دوو ناۆچەیە بەیەكەوە ببستنەوە. شناسی ئاینیی شەنكال وەك ناوەندی ئیزیدەیەكان و شناس نەتەوەیی شەنگال وەك كورد و هەڵكەوتەی جۆگرافیایی شەنگال، وای دەخواست بۆ تێرۆریستانی داعش كە دەست بەسەر ئەو ناۆچەیەدا بگرێت، هەر بۆیە دەبوو زەنگی مەترسییداری دەستگرتنی داعش بەسەر موسل دا، سەركردایەتی كورد و هیزی پێشمەرگە بە ئاگا بهانی بایەوە. مەخابن ئەمەش رووی نەدا و ئەوان لە خەونە قووڵەكەیان بەخەبەر نەهَینایەوە. هەموو كەس هەڵە دەكات، بەڵام باجی هەڵە لەلایەنی كەسانی بەرپرسەوە باجەكەی زۆر قورسە و لەوەش خراپتر باجەكە ژمارەیەك زۆر لە خەڵكی دەیدات.

ئەمرۆ دوای 7 ساڵ بەسەر ئەم كارەساتە جەرگ برەدا پەیام جیاواز و هەندیكیان پڕ لە كەم و كۆری بڵاوكرایەوە و خراپترینیان پەیامی سەرۆكی پارتی بوو:

كاك مەسعود بەبێ هیچ ئاماژەیەك بە هەڵەكانی خۆی و حكومەتی هەریمی كوردستان لەو كاتەدا، و بەبێ ئەوەی بەلایەنی كەمەوە داوای لێبوردن لە هەموو قوربانیان و شەهیدانی ئەو شەڕانە بكات و بەبێ دەستخۆشی كردن لە هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە، كە ڕۆلی كاریگەر و بەرچاویان هەبوو لە رزگاركردنی هەزاران كچ و ژن و مندال و پیاوی كوردی یەزیدی، دەستیكردووە بە بەخشینەوەی توهەمەت بێ بنەما بوسەر (یەپەگە و یەپەژە) بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، بەوەی كە ئەوان ڕێگرن لە گەڕانەوی یەزیدیەكان بۆ زیدی خۆیان.

بەخشینەوەی ئەم توهمەتە، جا بە خۆی بزانیًت یان نا، جوانكاری روو و سیاسەتی چەپەڵی داعشە. سیاسەتی جینوسایدی ئیزیدیەكان لەلایەن داعشەوە بە بەگوشتنی پیاوان و گەنجانی نێرینە ئیزیدیەكان نەگریسابووەوە, بەلكۆ سەبیە كردنی كچان و ژنانی ئیزیدەكان بە نەخشە و پلان و بە و بەبەرفراوانی ئەنجام دا، ئەمەشیان بە دوو مەبەست دەكرد:

1. دروستكردنی هەستی سەرشۆری بۆ پیاوان، كە سەركەوتوو نەبوون لە پاراستنی كچ و ژن و خوشك و دایكی خۆیان و بەمەش و بەهۆی داب و نەریتی خۆیان تووشی شەرمی كردوون و نایانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

2. داعش بەم كردەوە قێزەوەندانەی مەبەستی ڕێگریكردن بوو لە نانەوەی وجەیی پیاوان و ژنان ئیزیدی بەهۆی دەستدرێژكردنی سێكسی بۆ سەر كچان و ژنانی ئیزیدی. لە ئەنجامدا ئەم كچان و ژنانە بەدەر لەوەی توشی جۆرەها نەخۆشی دەروونی بوون، و كەمترینیان ئامادەیی ها‌وسەرگیریان هەیە و تەنانەت شەرم دەكەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەر بۆیە مل دەنێن بۆ ژیانی تاراوگە.

ئەم سیاسەتە نەخشە بۆ دارێژراوەی تێرۆریستانی داعش هۆكارێكی سەرەكیین بۆ نە گەرانەوەی ئیزیدیەكان بۆ شەنگال، لە پال كەمتەرخەمی ئانقەستی حكومەتی عیراق و هەموو هیزە چەكدارەكانیان هەر لە سوپایی عیراق و حەشدی شەعبی بۆ بوژاندنەوەی شەنگال.

كاك مەسعود تەنانەت هەوڵدەدات وای پیشان بدات كە ئەوانەی رۆڵیكاریگەریان هەبوو لە پاراستنی ئیزیدیەكان كە ئەوان هیچ پەیوەندیكان بە دانیشتوانی شەنگالەوە نییە. بەدەر لەمەش و دوای تێپەربوونی 7 ساڵ بەسەر ئەم كارە ساتەدا، نە ئامازەیدا بەو لێكۆلینەوانەی خودی خۆی بریاری ئەنجامدانی دابوو و بریاری بەسزادانی ئەوانەشی دابوو كە كەمتەرخەمیان نواندبوو لە جێبەجێ كردنی ئەركەكانیان، چونكە بۆخۆی زۆر باش دەزانێت كێ زورترین كەمتەرخەمی نواندووە و ئەوەی كە دەبێت لە خۆیەوە دەست پێ بكات.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button