ئەو کەسەی تۆمەتبار دەکرێت بە هۆکاری بردنی ٤٥ ملیۆن دۆلاری خەڵکی کێیە؟

لڤین:

ئەو کەسەی دەوترێت بەرپرسە لە بردنی ٤٥ ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیان ناوی باکۆ فەیسەڵە، لیدەری دراوی ئەلەکترۆنی PGI بووە لە کوردستان و دەنگۆی ئەوە هەیە کە کوردستانی بەجێ هێشتووە.

دوای ئەوەی لە هەولێر ژمارەیەک هاوڵاتی سکاڵایان تۆمارکردووە لە بنکەی پۆلیس ئیسکان و دەڵێن داواکارین حکومەت بێتە وەڵام چونکە پارەی خەلکی فەقیر و هەژار براوە.

ئەو کەسە دواین پۆستی لە رۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە و تیایدا وتەیەکی پەیامبەری ئیسلامی هێناوەتەوە کە دەڵێت “باشترین لە ئێوە ئەوانەن کە سوودێکی مەزن بە چەندانی دیکە دەگەیەنن”.

بە گوێرەی ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی خۆی بڵاوی کردووەتەوە ئەو گەنجە لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو دەستی بە کاری دراوی ئەلکترۆنی کردووە، ئەوە جگە لە چەندین وینە کە باسی لە چالاکیەکانی خۆی و گروپی دراوە ئەلکترۆنیەکە کردووە.

ئەو هاوڵاتیانەی دەڵێن پارەیان داوەتە ئەو گروپە باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیان لەو کارەدا بووە و ئێستا لیدەرەکان کە بانگەشەیان بۆ کردووە خۆیان شاردووەتەوە و دیار نین هەر بۆیە سکاڵایان تۆمارکردووە.

ئەو هاوڵاتیانە چاوەروان بوون لە ماوەی شەش مانگدا پارەکانیان ببێتە دوو ئەوەندە، بەڵام باس لەوە دەکەن کە ئەو سایتەی تیایدا ئەکاونتیان هەبووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە داخراوە و کار ناکات.

کۆمپانیای PGI خاوەنەکەی کەسێکە لە وڵاتی فلیپین و وەک لیدەرەکانی لە هەرێمی کوردستان باسیان لێوە دەکرد، کۆمپانیاکە کاری لە کڕینو فرۆشتنی بیتکۆین کردووە ئەوە جگە لە دروستکردنی ئامێرێکی ئاڵوگۆڕی دراو، هاوکات کاری لە دروستکردنی چەند جۆرێکی دەرمانی گیای کردووە و مامەڵەی ڤیزا کارتیشی کردووە ئەوە جگە لە فرۆشتنی کۆرس و رینمایی بازرگانی، هاوکات کۆرسی فێربوونی مەساجیسیان فرۆشتووە.

لە مانگی شواتی ئەمساڵ کەسیک لە شاری هەولێر بە ناوی شەیدا عەبدوڵا بەشداری دەکات بە بڕی نیو ملیۆن دۆلار، بەشداریکردنەکەشی بە شیوەی ڤیدیۆ لە پەیجی لقی ئەو کۆمپانیایە لە هەریمی کوردستان بڵآوکردووەتەوە.

کۆمپانیاکە بە وتەی زیانمەندانی لە شاری هەولێردا نزیکەی ٥٠ لیدەر و بەرپرسیان هەبووە کە کاریان لەسەر بازرگانی شەبەکەیی کردووە هەر کەسێک بەشداری کردبێت لە یەکەمجاردا گرێبەستی ٢٠٠ رۆژی بۆکراوە ورۆژانە بڕی پارەی وەک خێر بۆ گەڕاوەتەوە و بڕێکیش لە مایەکەی.

هەژماری ئەو گروپە بە زمانی کوردی لە سەرەتای مانگی ئازارەوە هیچ چالاکیەکی بڵاو نەکردووەتەوە و دواین زانیاری کە دایناوە باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی مابگێکدا لە سەرتاسەری جیهاندا زیاتر لە ١٦ هەزار کەس بەشداریان کردووە و دەڵێت ئەوان لە ١٤٤ وڵاتدا بونیان هەیە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button