قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان راده‌گه‌یه‌نێت‌

لڤین:

قائیمقامیه‌تی سلێمانی‌ ئاماری كاروچالاكیه‌كانی مانگی رابردوی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌زیاتر له‌ پێنج هه‌زار سه‌ردانیان ئه‌نجام داوه‌‌‌.

ئه‌مڕۆ ( پێنجشه‌ممه‌‌‌ ١ی تەموزی ٢٠٢١ ) قائیمقامیەتى سلێمانى ئاماری كاروچالاكی لیژنه هاوبه‌شه‌‌كان بڵاوكرده‌وه‌‌ كه‌،” پێنج هه‌زار و ( ٨٣٠ ) سەردانیان بۆ دوكان و بازاڕ وشوێنه ‌گشتییه‌كان ئه‌نجامداوە، كه‌ لەو بەسەرکردنەوانەشیاندا ( ٥٦١ ) پسوڵه‌ی سه‌رپێچییان بۆ شوێنه‌كان تۆمارکردوە، كه‌به‌شێكی زۆری سه‌رپێچییه‌كان کەمتەرخەمى خاوەنى شوێنەکان بوه‌، نەک چاوچنۆکى بەدەستهێنانی پارە بەشێوەى نایاسایى، هه‌روه‌ها ( ٣١٣ ) شوێنیشیان ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ کە پابەندی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن بن.”

له‌ئاماره‌كه‌دا هاتوه‌،” به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی ‌رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی كاركردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ( ٤٩ ) شوێن داخراوه‌ وه‌هه‌روه‌ها یه‌ك شوێنیشیان روبه‌ڕوی دادگا كردوه‌ته‌وه‌.”

ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕو،” له‌ مانگی رابردودا و له‌ ئه‌‌نجامی پشكنیینه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و ئاسایشی ئابوری‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچودا گرتوه‌، هه‌روه‌ها له‌ناوبردنی به‌شێكیش له‌و كاڵاوشمه‌كانه‌ له‌سه‌رداوای خاوه‌نه‌كانیان بوه‌ كه‌ كۆی گشتیی ( ٧٤ ) تۆن و ( ٥٢٠ ) كیلۆگرامه‌ و له ‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی نیشته‌جێبون له‌ناوده‌برێت.”

ئاماره‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردوه‌،” به‌هۆی دوباركردنه‌وه‌ی سه‌رپێچییه‌وه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بە بڕێك پاره‌ غرامه‌ی خاوه‌ن شوێنه‌كان کراوە‌، كه ‌بڕه‌كه‌ی له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ( ٢٠٢١ ) بریتییه‌ له‌ ( ٤٢ ) ملیۆن و ( ٩٧٥ ) هه‌زار دیناره‌‌ و به‌پێی یاسا ده‌خرێته‌وه سه‌رداهاتی گشتی.”

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button