بودجە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و تالاسیما تەرخاندەکرێت

لڤین:

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان،حکومەت بڕیاریداوە لەدابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە بەردەوام بێت، لەوچوارچێوەشدا مانگانە نزیکەی ملیارێک دینار بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و تالاسیما تەرخان بکات.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان،  لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا کە لە پاش سەردانی بۆ شاری سلێمانی و لە نەخۆشخانەی هیوا ئەنجامیدا، ڕایگەیاند،” لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ بەیاوەری د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کردوە بۆ ئاگاداربوون لە کێشە و کەم و کوڕییەکانی نەخۆشخانەکە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی، هاوڵاتیانیش دڵنیا دەکەنەوە کە خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بەردەوام دەبن.”
لەبەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن نەخۆشخانەکە دادەخرێت یان بەکەرتی تایبەت دەدرێت دوورن لەراستییەوە و بەلاڕێدابردنی داواکارییەکانی کارمەندانی نەخۆشخانەکە و دابینکردنی دەرمان و تێکەڵکردنیان بە پڕوپاگەندەی دیکەوە بەباشی نازانین، بەتایبەت کە ئەو دەنگۆیانە کاریگەری دەبێت لەسەر دەرونی کەس و کاری توشبوانی شێرپەنجە، لەکاتێکدا ئێمە دڵنیاییمان داوە کە بەردەوام دەبین لەدابینکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە.”
هەروەها ئەوەشی خستەڕو،” داواکارییەکانی کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و خەرجییەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە بەگوێرەی یاسا رێکخراوەتەوە و لە ١٣ی ئەم مانگەوە ( ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) بڕیاردراوە مانگانە ٩٤١ ملیۆن دینار وەک موچە بۆ ئەو کارمەندانەی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و تالاسیما خەرج بکرێت، کە دوای دەوامی فەرمی (بەدل عیادە)یان هەیە و  لەکارەکانیان بەردەوام دەبن، ئەوەش یەکێک لەداواکارییە سەرەکییەکانی کارمەندان و پزیشکان نەخۆشخانەی هیوا بووە.”
جێگەی ئاماژە پێدانە وتەکانی وەزیریتەندروستی لەکاتێکدایە ماوەی شەش مانگە و بە تایبەتی هەفتەیەکە نەخۆشخانەی هیوا توشی کێشەی کەمی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە بووەتەوە لەگەڵ دابین نەکردنی شایستە داراییەکانی پزیشک و پەرستاران خزمەت کردن ڕاگیراوە.
هەروەها ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد و پشتیوانی هاوسەرۆکان و یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکانی نەخۆشخانەکە ڕاگەیاند و ڕایشیگەیاند ( ڕێگە نادەین نەخۆشخانەی هیوا بکەوێت ).

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button