کۆمیسیۆن لە هەرێم پێویستی بە 40 هەزار کارمەندە

لڤین:
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆمیسیۆنی باڵا ئاشکرایکرد، لە هەرێم پێویستیان بە 40 هەزار کارمەند دەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
حوسێن رەقیب، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگهیاند “بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێویستمان بە 40 هەزار کارمەند دەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکەن”.
ڕوونیشیکردەوە ئەو 40 هەزار کارمەندە بەمجۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێن: “لە پارێزگای هەولێر 14 هەزار کارمەند، لە پارێزگای سلێمانی پێویستمان بە 16 هەزار کارمەند و لە پارێزگای دهۆکیش 10 کارمەندمان دەوێت”.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژهی بهوەشكرد کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ناوی خۆیان بۆ کارمەندی کۆمیسیۆن تۆماربکەن، دەبێت فەرمانبەری حکومەت بن، یان لانیکەم بروانامەی ئامادەییان هەبێت، یاخود خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەکان بن و تەمەنیان لە 19 ساڵ کەمتر نەبێت”.
ئەوەشی وت کە ئەو کارمەندانەی ناویان دەردەچێت و وەردەگیرێن بۆ ماوەی سێ تاوەکو چوار ڕۆژ مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت، هەروەها ئەوان پێشتر بەڵێننامە پڕدەکەنەوە کە نابێ سەر بە لایەنی سیاسیی بن و هەروەها پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن”.
ئەوانەشی دەیانەوێت خۆیان تۆماربکەن دەتوانن لە ڕێگەی ئەم وێبسایتەوە (www.ihec.iq) لە رێککەوتی 23ـی ئایار تاوەکو 1ـی ئابی ئەمساڵ خۆیان تۆماربکەن.