پەرلەمانی کوردستان لەسەر هێرشکردنە سەر خێزانەکەی هەولێر هاتە دەنگ

لڤین:

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیانی کورد لە تورکیا مایەی قبوڵکردن نییە لە قازانجی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا نییە.

لەراگەیەندراوێکدا کە لیژنەکە بڵاویکردەوە دەڵێت “ئێمە زۆر نیگەرانین بەو هێرشەی کە هەندێک کەسی توندڕەو دوور لەهەموو بەها مرۆییەکان کردوویانەتە سەر ماڵباتێکی کورد کە مەبەستی بەسەربردنی پشوی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەشاری هەولێرەوە سەردانی شاری مێرسین-یان کردوە لەتورکیا”.

لیژنەکە وتوشیەتی ئەو دەستدرێژییە مایەی قبوڵکردن نییەو ناچێتە چوارچێوەی قازانجی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا، بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرچی زووە تاوانباران بەسزای خۆیان بگەیەنن و چیتر ڕێگەنەدەن ئەو تاوانە قیزەونانە دووبارە ببنەوە.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن هاوڵاتییەکەوە لە شارۆچکەی ئاناموری پارێزگای مێرسینی تورکیا تۆمارکراوە، ئەندامانی خێزانێکی کورد لەسەر شەقامێک دەردەکەون کە پیاوێک لەهۆش خۆی چووە و هاوسەرەکەی بەدەم گریانەوە داوای هاوکاری فریاگوزاری دەکات، چەند ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەش دەگرین.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button