تیمی کوردستانی CPT:

داوا دەکەین نێچیرڤان بارزانی بەڵێنەکەی خۆی لەبارەی سزادراوانی بادینان جێبەجێ بکات

لڤین:

تیمی کوردستانی عێراقی CPT داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لێبوردنی تایبەتی بۆ سزادوانی بادینان دەربکات و بەڵێنەکەی خۆی بەرێتە سەر، رەخنەی توندیش لە دادگا دەگرێت کە بڕیاری سەرۆکی حکومەتیان پەسەندکردووە.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەرکۆنەی بڕیاری پەسەندکردنی شەش ساڵ زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان دەکات لەلایەن دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر و دەڵێت: سێ لە دادوەرانی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان ھەژماردەکرێن، کە حزبی حکومڕانە لە ناوچەی بادینانی ھەرێمی کوردستانی عێراق.

رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا دەشڵێت: پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگا لەلایەن ئەو دادوەرانەوە، سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان بەگوێرەی یاسا و چەسپاندنی دادگەری سزانەدراون بەڵکو بەپێی بڕیاری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سزادراون، ئەمەش لە پێناو سزادانی ڕەخنەگرانی گەندەڵی و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەوانان و کاری کۆمەڵگەی مەدەنیە.

رێکخراوەکە دەشڵێت: دادگای باڵای تاوانەکان و دادگای تێھەڵچوونەوە تەنیا ئەو بڕیارەیان پەسەندکرد کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی و کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی لەبارەی زیندانیکراوانی بادینانەوە، بەر لە پڕۆسەی داگاییکردنەکە بۆ ڕایگشتی ئاشکرایکرد و گوتی: “ئەوان نە ڕۆژنامەوانن و نە چالاکوانن… ئەوان سیخوڕی وڵاتانن و تێکدەرن.”

ئەو رەخنەی لە دادگاکان گرتووە بەوەی ئەگەر دادگاکان نەتوانن لەبەرامبەر دەسەڵات و تۆڵەی سیاسی حزبە سیاسییەکان، پارێزگاری لە مافەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن ئەی کێ دەتوانیت ئەوە بکات؟.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT راشیگەیاندووە ھاودەنگ لەگەڵ خانەوادەی زیندانیانی بادینان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا “بانگەواز لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی دەکەین کە ڕێز لە بەڵێنەکەی خۆی بگرێت بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و دەسەڵاتی خۆی بەکاربھێنێت بۆ دەرکردنی بڕیاری لێبووردن و ئازادکردنی شێروان شێروانی، گوھدار زێباری، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و ھاریوان عیسا”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button