مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی سزادراوانی بادینانوە هەڕەشە دەکات

لڤین:

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە هاتەدەنگ و دەڵێت، باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسیكردنی بابەتەكان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێت و مەرج نییە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێك نەبووبێتە بڕیار، مانای راست نەبوونی بڕیارەكان بێت.

مەکتەنی سیاسی پارتی هەڕەشەی کردووە و دەڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بن و بابه‌ته‌كان به‌ سیاسی بكرێن و زیاتر وه‌كو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و چه‌واشه‌كاری بخرێنه‌ به‌رچاوی هاووڵاتیان، ئێمه‌ش له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆر بابه‌ت هه‌یه‌ باسیان بكه‌ین.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی كەیسی چەند كەسێك، بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشاندا، بەپێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەری یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسی كردنی بابەتەكان سوود بە بارودۆخەکە ناگەیەنێ‌ و، مەرج نیە ئەگەر رەئی و لایەنگیری لایەنێك نەبوبێتە بڕیار مانای راست نەبوونی بڕیارەكان بێت.

ئەوەی رویداوە روونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندارەكان بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی کوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین.

ئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەكو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاوڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین.

هیوادارین ئاڕاستە و لۆژیكی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پێشەوەی هەموو هەوڵێكی دیكەوە بن.

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

8ـی 5ـی 2021

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button