کۆمەڵێک تێکۆشەر و ھەڵسوڕاوی دڵسۆزی بزوتنەوەی گۆڕان

سەرەتاى گفتوگۆ و دانوستانى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، بۆ پێکهێنانى کابینەى 9 یەمى حکومەتى هەرێم، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێکخەرى گشتى و خانەى ڕاپەڕاندن، پێشنیارم کرد، وەک پێشمەرج هیچ کەسێک لەوانەى چونەتە ناو پارتى هیچ پۆست و پایە و پلەیەکى حکومیان پێنەدرێت چونکە:—
_ئیستفزاز و زیانە بۆ گۆڕان و گۆڕانخوازان و ئیحراجى گەورە دروست دەکات
_ هەر پۆستێک بەو کەسانە بدرێت، دەشێت ببێتە هۆى ڕاکێشانى خەڵکى تر
_ دور نیە لە داهاتودا شەڕى بزوتنەوەکە و خەڵکیش بەم کەسانە بکرێت.
دیاربوو ئەم پرسە بابەتێکى لاوەکى بوو بۆ ئەو بەڕێزانە. هێشتا کابینەکە بە تەواوەتى پێکنەهێنرابوو، پۆستى یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى ئابورى داتاشرا کە لە ( یاساى ئەنجومەنى وەزیراندا ئەم پۆستە بونى نەبوو)، سێ زیانى کوشندەى دا
_ بایەخى بۆ جێگر یاخود یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت نەهێشتەوە کە لە پشکى گۆڕان بوو
_ قسە و لێداون لەم پێگەیەوە دەدرێت زیاتر ئەرکى وەزیرى داراییە
_ بەهۆى ئەم کەسەوە، بزوتنەوەى گۆڕان بێ خەبەرە لە ئیش و بڕیارەکانى ئەنجومەنى باڵاى وەبەرهێنان، کە ئەنجومەنێکى زۆر هەستیارە و دەسەڵاتێکى گەورەى هەیە، وەزیرى دارایى ئەندامە تێیدا و چەندین بڕیار لە بۆشایی ئەودا دراوە، لە
نمونەى پرۆژەى ئاسکۆ!
لە ماوەى ڕابردودا خەریکى دروستکردنى بۆردێک بون لە ئاستى ئەنجومەنى وەزیران، بۆ یەکێکى دیکە لەو کەسانەى چونەتە ناو پارتى، هەر وەها یەکێکى دیکەشیان بەناوى ڕاوێژکاریی شەخسیەوە قسە دەکات، بە کورتى (( ئەم کەسانە، لەبرى عیبرەت، لەسەر حسابى بزوتنەوەى گۆڕان ڕۆڵیان پێدرایەوە)).
ئەمڕۆ کەمال کەرکوکى بە دەق وتى: کۆمەڵێک تێکۆشەر و هەڵسوڕاوى دڵسۆزى بزوتنەوەى گۆڕان پەیوەندیان بە پارتى دیموکراتى کوردستانەوە کرد، (( خەڵکى ناڕازى و یەکێتى و غەیرە حزبیشیان تێدابوو))، ئەم وتەیە قورسە بۆ هێزێک لە حکومەتدابێت! ئەم هەفتەیەش نەبێت هەفتەى داهاتوو لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران، گۆڕان و پارتى یەک دەبیننەوە و کۆدەبنەوە(( پارتى نوسینى فەیسبوکى هەڵسوڕاوێکى گۆڕانى پێ هەزم ناکرێت، گۆڕان ئەمەى پێ هەزم دەکرێت))؟
جگە لەوەى هەرچى بۆ ئەو کەسانە کرابێت و بکرێت، لە پارە و پۆست و ئیمتیازى مادى و مەعنەوى، هى ئەم حکومەتەیە و لەم حکومەتەوە دەکرێت!

دابان محەمەد

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button