هەشت دوکانی شەربەت فرۆشی داخران و سزای چەند شوێنێکیدیکەش درا

لڤین:

بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردەوە کە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینەکانیان هەشت دوکانی فرۆشتنی شەربەت و دوکانێکی شیرینی داخراون و ژمارەیەک دوکانیش ئاگادارکراونەتەوە.

بە دوو راگەیاندنی جیاواز بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی بڵاویکردەوە تیمەکانی چاودێری تەندروستی لەبەڕێوەبەرایەتییەکەیان پشکنینی هەندێ دوکانی دروستکردنی شەربەت لەناو شاری سلێمانیدا کردووە و نموونەی لە شەربەتەکانیان وەرگرتووە بۆ پشکنین لە تاقیگەدا.

بەڕێوەبەرایەتیەکە بڵاویکردەوە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی شەربەتەکاندا: دەرکەوت کە شەربەتەکانیان مەرجە تەندروستیەکانیان تێدا نیە و شیاوی بەکارهێنان نین، لەلایەن بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستیەوە بڕیاردا بەداخستنی (٨ دوکانی شەربەت دروستکردن ) و ( دوکانێکی شیرینی ).

بەریوەبەرایەتیەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە تیمەکانیان سەردانی گەڕەکی (هاوکاری) یان کردووە لەناوشاری سلێمانیدا، لەئەنجامدا (دوو شوێن غرامە کرا) و(هەشت شوێنیش) بۆ دواجار ئاگادارکرانەوە.

بەریوەبەرایەتیەکە ئەوەشی راگەیاندووە  دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ خواردن و خواردنەوەی ماوە بەسەر چوو، بەگوێرەی زانیاریەکان لە نێو ئەو دوکانانەی ئەمڕۆ داخراون چەند شەربەت فرۆشێکی بەناوبانگ هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button