وردەکاری رووداوی شەڕەتەقەکەی چوارقوڕنە ئاشکرا کرا

لڤین:

ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای رانیە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە شەڕەتەقە دروستبوو و کەسێک کوژرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە ڕاگەیەندراوێکدا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وردەکاریی رووداوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی چوارقوڕنەی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە” لە شوێنی رووداوەکە ٤٤ قەوانی تەقیوی جۆری چەکی کڵاشنکۆف دۆزراوەتەوە و وەک بەڵگەی تاوان دەستیان بەسەرداگیراوە”.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە” ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (ف،ص،م) لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣یە و دانیشتووی چوارقوڕنە بووە لە گەڕەکی کوردستان، وردەکاری رووداوەکە بەو جۆرە بووە کە لە بەردەمی ماڵەکەی خۆیان لەلایەن چەند کەسێکەوە لەناو ئۆتۆمبیلێک تەقەی لێکراوە و شوێنەواری ١٨ فیشەک بەجەستەیەوە هەیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری دواتر رادەستی کەسوکاری کرایەوە”.

پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت”تەقەکەرەکان دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان ویستیان لە بازگەی ئاسایشی بالیسان بێ وەستان تێپەڕ ببن، تەقەیان لە بازگەکە کردووە و دواتر بە هاوکاری دوو ئۆتۆمبیلی تر رایانکردووە و ئۆتۆمبێلی سەرەکی کە لە رووداوی کوشتنەکەدا بەکاریان هێناوە بەجێیانهێشتووە و ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلە لەلایەن بازگەی ناوبراو دەستی بەسەردا گیراوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، “بەگوێرەی وتەی کەسوکاری کوژراوەکە، کێشەکە رووداوێکی کۆمەڵایەتی بووە و هەردوو لایەن خەڵکی هەولێرن، بەڵام کوژراوەکە بۆماوەی چەند ساڵێکە لە چوار قوڕنە دادەنیشێت و بکوژەکانیش دانیشتوی هەولێرن و لە هەولێرەوە هاتوون بۆ کوشتنی کەسەکە”.

هەروەها پۆلیسی راپەڕین، ڕوونیکردووەتەوە” پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تەقەکەرەکان بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button