نویترین زانیاری لەسەر کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان

لڤین:

لەکۆتایی شوباتى رابردووەوە و بەهۆى هەڵکشانى ئامارى کۆرۆناوە خوێندنى پۆلە ناکۆتاکان هەڵپەسێردراوە و بەشێوەى ئەلیکترۆنى خوێندن بەردەوامە، بەڵام سیستەمى ئەلیکترۆنى روبەڕووى ناڕەزایی بووەتەوە، ئەوەش پەروەردەى ناچارکردووە پێشنیازى کردنەوەى قوتابخانەکان ئامادە بکات.

ئاسۆ حەوێزى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ ( یەکشەممە، ٢٥ی نیسانی ٢٠٢١ ) لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕەی ناس کوردی راگەیاندوە” پێشنیاز هەیە بۆ کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان، بەشێوەى دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا و بەتەناوب، بەڵام لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا بڕیارى کۆتایی لەسەر دەدات”.

ڕایشیگەیاندووە”پێشنیازەکان رادەستى لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا دەکرێن کە لەم هەفتەیەدا کۆدەبێتەوە، بەئەگەرێکى زۆرەوە خوێندن دەکرێتەوە، بەڵام ئەوەش پەیوەستە بەوەى پەروەردە مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ بکات”.

سەبارەت بە مەرجەکانی کردنەوەی درگای قوتابخانەکان، حەوێزى رونیکردوەتەوە” مەرجەکانیان ئەوەیە ژمارەى خوێندکاران لەهەر پۆلێکدا بۆ ١٥-٢٠ خوێندکار کەمبکرێتەوە، رێنماییە تەندروستییەکان و خۆپارێزى و بەستنى ماسک جێبەجێبکرێت”.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە” وەزارەتی پەروەردە پێشنیارێکی نوێی ئاراستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کردووە بۆ شێوازی خوێندنی ناو پۆل، ڕاشیگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر پێشنیازەکە بدرێت .

هەروەها ئاشکرای کردووە” ئەمڕۆ یەک شەممە هاوشێوەی وەرزی یەکەم، داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە خوێندکارانی قۆناغە ناکۆتاییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەست بکەنەوە بە خوێندنی ناوپۆل”.

وتیشیەتی”پێشنیازەکە لەڕێگەی وەزیری پەروەردەوە ئاڕاستەی لیژنە باڵای ڕووبەرووبوونەوە کۆرۆنا کراوە کە خۆی دەبینێتەوە لەوەی کە خوێندکار و بەخێوکەرەکەی سەرپشک بن لە نێوان بەردەوامبوون لە خوێندنی ئەلیکترۆنی یان گەڕانەوە بۆ ناوپۆل، هەردوو بژاردەکەش ئارەزوو مەندانەیە زۆرە ملێی نییە”.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەوەشی وتوە”دۆخی کۆرۆنا زۆر مەترسیدارە ئێمە ناتوانێن ریسک بەژیانی قوتابیان ومامۆستایانەوە بکەین، کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان ودەستکردنەوە بە پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل ئەوا ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی یەکلایی دەکاتەوە”.

لە کۆتایدا دلشاد عومەر، ڕایگەیاندووە “چاوەڕێ دەکەین لەم هەفتەیەدا بڕیاردان لەسەر ئەو پێشنیازە یەکلایی بێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button