مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە

لڤین:
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی پەیامیکی بۆ ساڵیادی ئەنفال بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێت، جینۆسایدی كوردانی ئێزدی سەلماندی ئەو عەقڵییەتەی رەوایی دا بە ئەنفال، هێشتا ماوە.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی جینۆسایدی ئەنفال پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیادا دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق، پڕۆسەكەی وەك تاوانەكانی جینۆساید و جەنگ و دژەمرۆیی ناساندووە، بەڵام هێشتا هەموو رێوشوێنەكانی تری پەیوەست بە كەیسەكە وەك «دەستگیركردنی داواكراوان و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان»، تەواونەكراون.
سبەینێ ماوەی ٣٣ ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئەنفال تێپەڕ دەکات و بەو بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: كەسوكاری ئەنفالكراوان و دەربازبووانی شاڵاوی ئەنفال، شایستەی ژیان و گوزەرانێكی باشترن، دابینكردنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون، خزمەتگوزارییە ژیارییەكانی تر؛ ماف و شایستەی سەرەتایی خۆیانە و ئەركی لەپێشینەی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانە.
بە ئەركی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی دەزانێت، هەوڵەكانیان لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا چالاکتر بکەن و دەشڵێت: جینۆسایدی كوردانی ئێزدی سەلماندی ئەو عەقڵییەتەی رەوایی دا بە ئەنفال، هێشتا ماوە و زەمینەی روودانەوەی جینۆساید، لەبارنەچووە.