بە وێنە… ژنێک لەسەر ڕێگای سەیدسادق – سلێمانی منداڵی بوو

لڤین:
بەهۆی نەبوونی پزیشکی ژنان و منداڵبوون لە قەزای سەیدسادق ژنێک لە ناو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتندا لەسەر ڕێگای سەیدسادق – سلێمانی لە لۆفەکەی کانی پانکە منداڵی بوو.
لەو بارەیەوە سالار مەحمود، باوکی منداڵەکە ڕایگەیاند، “هاوسەرم کەوتە دۆخی منداڵبوونەوە و کاتژمێر پێنج و نیوی بەیانی چووینە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت، لەبەرئەوەی پزیشکی ژنان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکەدا نەبوو، بە ئەمبۆڵانس ڕەوانەی سلێمانییان کرد، لەڕێگەدا و لە لۆفەکەی گوندی کانی پانکەدا و لەناو ئەمبۆڵانسەکەدا، دیاری و میهرەبانییەکەی خودا گەیشتوو منداڵەکە هاتە دونیاوە”.
هەروەها دەڵێت: “سوپاسی زۆری خاتوو ستارە-ی پەرستار و کاک هاوڕێ جەلالی شۆفێری ئەمبۆڵانسەکە دەکەم کە ئەوپەڕی دڵسۆزییان نواند”.
باوکی ئەو منداڵە تازە لە دایکبووە، وەک ئاماژەیەک بۆ خراپی دۆخی کەرتی تەندروستی لە قەزاکەیان دەڵێت: “چیرۆک و ڕووداوەکە گوزارشتە لە دۆخی کەرتی تەندروستی شارێکی سەدو بیست هەزار کەسی”.