مامۆستایانی ناڕازی: زیاتر لە 3 هەزار مامۆستا بە نەهاتوو سزادراون

لڤین

مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، لەسەروبەندی ناڕەزایی و بایکۆتی مامۆستایاندا، زیاتر لە 3 هەزار مامۆستا بە نەهاتوو سزادراون.

لە راگەیەندراوێکدا مامۆستایانی ناڕازی بڵاویانکردەوە، “لەسەروبەندی ناڕەزایی و بایکۆتی رەوای مامۆستایاندا بەڕێوبەرایەتیەکانی پەروەردە لە بری ئەوەی لە خەمی مامۆستایاندابن و پشتیوانییان بکەن، دەستیانبرد بۆ سزادانی مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەهەڵوێست لەسەرجەم پەروەردەکان سزادران و نایاساییانە و نا پەروەردەییانە مامەڵەیان لەگەڵکرا”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ڕابردوودا لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش و دیدارە جیاوازەکانەوە هەوڵیاندا بۆ سڕینەوەی سزاکان، بەڵام وێڕای هەندێك بەڵێنی زارەکی، هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ لە شوێنی خۆیان ماون.

وەک لە رونکردنەوەکەی مامۆستایانی ناڕازییدا هاتووە، لە هەردوو پەروەردەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی سلێمانی زیاتر 3 هەزار مامۆستا بە نەهاتوو سزادراون و لە زۆربەی پەروەردەکانیش بڕیاری سزادان جێبەجێکراوە.

مامۆستایانی ناڕازی داوای هەڵوەشانەوەی سزاکان دەکەن و دەڵێن، “ئەو رێگا هەڵانە راستبکرێنەوە کە بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران گیرانەبەر، بۆ ئەوەی ناچار نەبین فشارەکانمان دەستپێبکەینەوە و ئەو ماوە کەمەی خوێندن بێ گرفت تێپەڕ ببێت، چونکە دڵنیابن پرسی سزادانی مامۆستایان بە ساڵی داهاتوو ناسپێرین و پێویستە لەمساڵدا نیگەرانیەکانی مامۆستایان کۆتاییان پێبێت”.

لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2023 بۆ 2024، مامۆستایانی ناڕازی لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و چەند ناوچەیەکی دیکە بەهۆی دواکەوتنی مووچە بایکۆتی خوێندنیان کرد و دوای زیاتر لە چوار مانگ گەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button