سبه‌ینێ وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كۆتایی دێت
لڤین:
سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه، وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان كۆتایی دێت.
تائێستا دو جار کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق واده‌ی تۆمارکردنی ناوی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان درێژكردۆته‌وه كه دواینیان ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردو بو، كۆمسیۆن له‌زاری وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه بۆ ماوه‌ی 72 كاتژمێر واده‌كه‌ی درێژكرده‌وه.
درێژكردنه‌وه‌ی وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كۆتایی نه‌داوه كه به‌شداری له‌هه‌ڵبژارنی حولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات یاخود نا.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا پارتی‌و یەکێتی لیستی کاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکردووه.
وتیشی، “کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. لەماوەی رابردوشدا کاری زۆر باشی لەنوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و حزب و هاوپەیمانێتییەکان کردووە”.
جومانە غەلای ده‌ڵێت، تا ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکی کۆمیسیۆن نەکراوەو پابەندن بەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەمانگی حوزەیرانی داهاتودا.
به‌پێی ئه‌و واده‌یه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت‌و تیاییدا ھەرێم کراوەتە چوار بازنەی هه‌ڵبژاردن.