سەفین مەلا قەرە: پێموانییە پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردن

لڤین:

ئه‌ندامێكی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌ر پارتی بایكۆت بكات و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كات، پێناچێت ڕێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك بدات.

سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌، ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامی وه‌فدی حزبه‌كه‌ی بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: “وه‌فدی پارتی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ باسی ڕێگریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كرد، به‌ڵام گه‌ر به‌شداری نه‌كه‌ن، پێموایه‌ ناهێڵن هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێر و دهۆك ئه‌نجام بدرێت”.

وتیشی، “پێموانیە پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە، گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرێت کاریگەری خراپی دەبێت و دام و دەزگاکانی هەرێم دەکەونە بۆشایی دەستورییەوە.”

ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت، دوای ئەو ڕاگەیاندنەش ئەو حیزبە کۆبونەوەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی 19 ی مانگی 3 ی 2024، وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی  لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

سەفین مەلا قەرە، کە بەشداری کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕانی کردبوو باسی لەوەشکرد کە،”پارتی هیچ داواکارییەکیان نەبوو، ڕوونکردنەوەیان دا لەسەر هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن، وتیان ئێمە هەڵبژاردنی پاک و بێگەردمان دەوێت و گومانمان هەیە لەوەی هەڵبژاردنە پاک بێت.”

هاوکات سەبارەت بەوەی لە حاڵەتی ڕێگریکردندا لە هەڵبژاردن تا چەند ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، سەفین مەلا قەرە دەڵێت،”پێناچێت هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجەش بەڕێوەبچێت گەر لە هەولێر و دهۆک نەکرێت، بەڵام گەر پارتی ڕێگری بکات عێراق و دادگا هەڵوێست وەردەگرن.”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button