لە سلێمانی فێستیڤاڵی نەورۆزی كوردەواری سازدەكرێت

لڤین

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەهاوكاری كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان و رێكخراوی برەودانی گەنجان، فێستیڤاڵی نەورۆزی كوردەواری ئەمساڵ لە جادەی سالم-ی سلێمانی بە كردنەوەی ئاگری نەورۆز و ئەنجامدانی چەندین چالاكی هونەری و كلتوری بەرز رادەگرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک، ئەمڕۆ 17/3/2024، لیژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵی نەورۆزی كوردەواری بەسەرپەرشتی د. موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ئامادەبوونی سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان و سەرۆكی رێكخراوی برەودانی گەنجان و ژمارەیەكی لە ئەندامانی لیژنەكە، كۆبوونەوەو بڕیاریان لەسەر چەندین چالاكی هونەری و كلتوری دا كە لە میانی فێستیڤاڵەكە لەئێوارەی رۆژی 20/3/2024 لە شەقامی سالم (سەهۆڵەكە) نمایشدەكرێن.

بەگوێرەی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە، سەرەتا خوانی بەربانگ بۆ زیاتر لە 100 كرێكاری ژینگەپارێز رێكدەخرێت، لە دوای بەربانگی رۆژوانانیش چالاكییەكان دەست پێدەكات و تا درەنگانی شەو دەخایەنێت.

چالاكییەكانیش جگە لە كردنەوەی مەشخەڵی نەورۆز، بریتین لە گۆرانی و میوزیكی كوردەواری و چەندین نمایشی سەمای فۆلكلۆری كوردەواری و نمایشی چالاكی بەشی هونەری مناڵان و ئەسپسواری و نمایشی ئۆتۆمبێلی كۆن و چەندین چالاكی هەمەڕەنگی تر.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button