وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بارەی کارکردن بە ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەوە بڕیارێکی دەرکرد

لڤین

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، “1ی نیسانی 2024 کۆتا کاتە بۆ کارکردن بە ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە لە تەواوی عێراق”.

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “بە ئامانجی پێدانی کاتی زیاتر بە هاوڵاتییان، وەزارەت بڕیاریداوە کارکردن بە ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە تاوەکو 1ی نیسانی 2024 درێژبکاتەوە”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “کاری بەڕێوەبەرایەتیەکانی کارتی نیشتمانی لە بەغداد و هەموو پارێزگاکانی دیکە بەردەوامە بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان”.

پێشتر عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاندبوو، “وەزارەت 1ی مانگی ئاداری 2024ی وەک کۆتا کات دیاریکردووە سەبارەت بە پەسەندکردنی کارتی نیشتمانی وەک تاکە بەڵگەنامەی رەسمی و هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button