ئەمریکا و ئەمنستی لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد سەرکۆنە دەکەن

لڤین

ئەمریکا و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کوردیان لە زیندانی قزل حەساری کەرەج سەرکۆنە کرد.

ئابرام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، رایگەیاند، لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە کوردە نیشانەی “بێباکیی ئاشکرای حکومەتی ئێرانە بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ”.

پیلی لە تۆڕی ئێکس ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، ئەمریکا بە توندی لەسێدارەدانی ئەو چوار کەسە سەرکۆنە دەکات، دەشڵێت،  “لەسێدارەدانی  ئەو ئەو چوار زیندانییە سیاسییە، لە پرۆسەی دادگایکردنێکی نهێنی و زۆر نادادپەروەرانەدا بەرێوەچووە “.
هاوکات ئێگنس کالامار، بەڕێوەبەری گشتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە تۆڕی ئێکس نووسیوویەتی، “پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوشار لە ئێران بکات تاوەکو سزای لەسێدارەدان بە تەواوەتی هەڵبوەشێنێتەوە”.

ئەوە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە حکومەتی ئێران لە زیندانی قزل حەساری کەرەج لە نزیک تاران، چوار زیندانیی سیاسیی بە ناوەکانی محەمەد فەرامەرزی، موحسین مەزڵوم، وەفا ئازەربار و پژمان فاتحی لەسێدارەدا.
بەگوێرەی وتەی بنەماڵەکانیان، تاوەکو ئێستا تەرمی ئەو چوار هاونیشتمانییە رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button