دادگای ئێران سزای سێدارەیی بۆ بەندکراوی سیاسیی کورد دەرکرد

لڤین:

دادگای باڵای دەزگای دادوەریی ئێران سزای سێدارەی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی پەسەند کرد. ئەم بەندکراوە سیاسییە چوارەمین ساڵی دەستبەسەربوونی لە بەندیخانە تێپەڕ دەکات.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سزای سێدارەی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، لەم دوایییانەدا لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەعیدی”، بە تۆمەتی “بغی” لە ڕێگەی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

هاوکات لەگەڵ یووسف ئەحمەدی، سێ هاودۆسیەی دیکەی ناوبراو لەلایەن ئەو دادگایەوە سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە. محەممەد کەریمی بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی بغی” سزای ٢٥ ساڵ بەندکردن، باست کەریمی و محەممەد فەیزی بە هەمان تۆمەتی “هاوکاریکردنی بغی”، هەرکام سزای ٢٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم سزا قورسانەی دەزگای دادوەریی ئێران لەسەر ئەو چوار هاووڵاتییە، لە ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵدا بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە. ئەم بەندکراوە سیاسییانە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” دراوەتە پاڵیان.

یووسف ئەحمەدی، محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی، لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون و لە مافە سەرەتایییەکانیان وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button