دابەزینی ژمارەی دانیشتووانی چین نیگەرانی لای حکومەتی ئەو وڵاتە دروستکردووە

 

لڤین

ژمارەی دانیشتووانی چین بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک و لە ساڵی 2023 دابەزیوە، بەهۆی دابەزینی رێژەی لەدایکبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی کۆڤید-19، کە کاریگەرییەکی قووڵی درێژخایەنی لەسەر توانای گەشەکردنی ئابوریی ئەو وڵاتە دەبێت.

نووسینگەی نیشتمانیی ئاماری چین رایگەیاندووە، کۆی ژمارەی دانیشتووانی چین لە ساڵی 2023دا 2.8 ملیۆن کەس کە دەکاتە 0.15٪ دابەزیوە و گەیشتووەتە یەک ملیار و 409 ملیۆن کەس.

ئەم دابەزینە زیاترە لە دابەزینی ژمارەی دانیشتووان کە لە ساڵی 2022 دا 850 هەزار کەس بووە، کە یەکەم دابەزینە لە ساڵی 1961ەوە کە ئەو کاتە بەهۆی برسێتیەوە لە سەردەمی ماو تسیتۆنگدا تۆمارکراوە.

رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، دوای سێ ساڵ لە چاودێریی ورد و رێوشوێنەکانی کەرەنتینە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تا رادەیەکی زۆر بە کۆنترۆڵکراوی هێشتەوە، لە 12ی مانگی کانوونی دووەمی 2022 حکومەتی ئەو وڵاتە لەناکاو کۆت و بەندەکانی هەڵگرت.

کۆی گشتیی گیانلەدەستدان لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی لەسەدا 6.6٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 11.1 ملیۆن کەس و رێژەی مردن گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ساڵی 1974ەوە لە سەردەمی شۆڕشی رۆشنبیریدا.

ژمارەی منداڵە تازە لەدایکبووەکانیش بە رێژەی 5.7٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 9.02 ملیۆن کەس، ئەوەش لە ئەنجامی سیاسەتی یەک منداڵ کە لە ساڵی 1980 تا 2015 جێبەجێکرا و لەو کاتەوە رێژەی لەدایکبوون لە چین بۆ دەیان ساڵە لە دابەزیندایە.

سەبارەت بەو بابەتە نەتەوەیەکگرتوەکان پێشبینی دەکات تا ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانی چین بە رێژەی 109 ملیۆن کەس کەمببێتەوە، ئەمەش زیاترە لە سێ ئەوەندەی ئەو دابەزینەی کە لە پێشبینییەکانی پێشوویاندا لە ساڵی 2019دا بڵاوکرابوونەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button