ڕۆژنیوز تۆمەتەکانی ئاسایشی پەدەکە لەبارەی سلێمان ئەحمەدەوە ڕەت دەکاتەوە
ئاسایشی دهۆك: كادرێكی پەكەكەمان دەستگیركردووە
لڤین :
ئاسایشی دهۆك چارەنووسی سلێمان ئەحمەدی ئاشكراكردوو دەڵێت” دانی بەكارەكەیدا ناوەو كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە كردووە”.
پێشتر سایتی رۆژ نیوزی نزیک لە پارتی کرێکاران بڵاویكردەوە، سلێمان ئەحمەد رۆژنامەنووسی بەشی عەرەبی سایتەكەیانەکەیە و هەواڵسازە لە رۆژی 25ی مانگەوە لەكاتی گەڕانەوەی لە رۆژئاوای كوردستانەوە بۆ سلێمانی لە بازگەی فیشخاپور دەستگیركراوە، هەروەها هۆشداریشیان دابوو لەوەی پارتی سەرقاڵی داڕشتنی سیناریۆی هاوشێوەی زیندانیانی تری بادینانە بۆ ڕۆژنامەنووسەکەیان.
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆکەوە
هێزەکانی ئاسایش ، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە .
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک
ڕۆژنیوز تۆمەتەکانی ئاسایشی پەدەکە لەبارەی سلێمان ئەحمەدەوە ڕەت دەکاتەوە
دەستەی بەڕێوەبەریی ڕۆژنیوز
لە پاش شەش ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، ئێمە وەک ڕۆژنیوز سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە.
لە ڕاگەیاندراوێکی پڕ لە چەواشەکاریی و ناڕاستدا، ئاسایشی دهۆک ڕایدەگەیەنن، گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد “پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە و بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە” هەروەها بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە پووچ و ناڕاستانە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەش ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.
سلێمان ئەحمەد هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسەکەمان کار دەکات، لە ١ـی تشرینی یەکەم، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکیان و سەردانیکردنی خێزانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان-پەدەکەوە ڕفێندراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، لەو کاتەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێمە و خێزانەکەیدا پچڕاوە.
ئێمە وەک ئاژانسی (ڕۆژنیوز) سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانەی ئاسایشی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین، بە هەوڵێکی ترسنۆکانەی دەبینین لەبەرامبەر دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، پەدەکە دەیەوێت ئەم کەیسەش هاوشێوەی کەیسی زیندانییانی تری بادینان بە لاڕێدا ببات و لەسەر بنەمای تۆمەتی ناڕەوا سزای قورسی زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد-دا بسەپێنن.
ئێمە وەک ئاژانسی ڕۆژنیوز، وێڕای ئیدانە و سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوەیە داواکارین بەزووترین کات چارەنووسی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، سەلامەتی گیانی ئەو لە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان_دایە