كازمی: دەبێت لایەنە سیاسیەكان هەڵوێستی رونیان هەبێت لەسەر هێرشە موشەكیەكان

لڤین: سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوایكرد ولاتەكەی لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان تێوە نەگڵێندرێت و لایەنە سیاسیەكان لەبارەی هێرشە موشەكیەكانەوە هەڵوێستی روونی خۆیان رابگەیەنن.
مستەفا كازمی، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوانەی لە پشت هێرشە موشەكیەكەی پشت عەین ئەسەدەوەن راستگۆ نین لە خۆشەویستی وڵات و نیشتمان.
ناوبراو وتیشی: هیچ پاساوێك نییە بۆ هێرشكردنە سەر بنكەی سەربازییەكان، ئەو كردەوانە زیان بە بەرەوپێشچوونی عێراق دەگەیەنێت لە هەوڵەكانی بۆ گەشەسەندنی بواری ئابووری و ئەمنی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەكیدا و تێپەڕاندنی قەیرانەكان.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراشیكرد كە هێزە ئەمنییەكان سەرپشك كراون بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكلایی كەرەوە بەرامبەر ئەو گرووپ و چەكدارانە لە ژێر هەر ناوو ناونیشانێكدا بن هێرشیان كردۆتە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد.
وتیشی: هەر كەس وا هەست بكات لە سەرو یاسا و دەوڵەتەوەیە ئەوە لە خەیاڵدا دەژی. رێگە نادەین زمانی چەك بەسەر لۆژیكی دەوڵەتدا سەركەوتوو بێت، دەشبێت لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی عێراق وڵاتەكەمان لە ململانێ دەرەكی و ئیقلیمییەكان بە دوور بگرین و لە هیچ بەرەیەكی دەرەكیدا نەبێت.
كازمی داوای لە لایەنە سیاسیەكان كرد، هەڵوێستی روونی خۆیان بنوێنن بۆ سەرخستنی دەسەڵاتی یاسا و دەوڵەت بەسەر گرووپەكاندا.