لە ئێران نرخی مریشک بەرزبۆتەوە

لڤین:

نرخی مریشک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە و سەندیکای فرۆشیارانی مریشک دەڵێت، رێژەی فرۆشتنیان 20٪ دابەزیوە.

بەپێی راپۆرتی سەندیکای فرۆشیارانی مریشک لە ئێران، نرخی کیلۆیەک مریشک گەیشتووەتە 65 هەزار تمەن، ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتی ئێران چوار مانگ پێش ئێستا نرخی کۆمەڵێک خواردەمەنی دیاریکرد و رایگەیاند، نابێ نرخی کیلۆیەک مریشک لە 59 هەزار و 800 تمەن زیاتر بێت.

مەهدی یوسفخانی، سەرۆکی سەندیکای فرۆشیارانی مریشک لە ئێران دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، خواست لەسەر کڕینی مریشک 20٪ دابەزیوە.

بەگوتەی مەهدی یوسفخانی، خاوەن پەلەوەرخانەکان داوا دەکەن نرخی مریشک زیاتریش بەرز بکرێتەوە و دەڵێن، ئەگەر نرخی هەر کیلۆیەکی نەگاتە سەرووی 70 هەزار تمەن، زیان دەکەن و توانای بەرهەمهێنانی مریشکیان نامێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button