ڕووسیا: سزاکانی ڕۆژئاوا نابنە ڕێگر لە بەردەم هاوکارییەکانی نێوان ئێمە و ئێران
لڤین:
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە سەرەڕای گەمارۆ و سزاکانی ڕۆژئاوا، هاوکارییەکانی ئەم وڵاتە و ئێران بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە سیاسەت و دوژمنایەتی و سزاکانی ڕۆژئاوا لە دژی ئێران و ڕووسیا نابنە ڕێگر لە بەردەم پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان.
ئەو وەزارەتە بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاستی هاوکارییەکانی تاران و مۆسکۆ ڕایگەیاندووە کە لە کانوونی دووەم تا تەمموزی 2022، بازرگانیی دووقۆڵی لە نێوان ڕووسیا و ئێران گەیشتووەتە 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار کە لە سەدا 42.7 زیاتر لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە لە دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێکەوتنی گشتی بازرگانی ئازادی نێوان ئێران و یەکێتی ئابوری ئوراسیا بەرەوپێشچوون هەبووە.
بڕیارە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە مۆسکۆ لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆببێتەوە.