زاخۆ.. ئاوی رووباری خابوور لەسەدا٤٠ کەمی کردووە

لڤین:

ئاوی رووباری خابوور لە زاخۆ بەھۆی وشکەساڵییەوە لەسەدا٤٠ کەمی کردووە و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵیی پلانی داناوە چەند بەنداوێک دروست بکات کە یەکێکیان دەکەوێتە سەر رووباری خابوور لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

بەرپرسی بەشی ئاودێری زاخۆ سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاودێری و سەرچاوەکانی ئاو، سەلمان سندی ڕایگەیاند:”باسی لەوە کرد کە کە لەم دووساڵەدا، بەھۆی وشکەساڵییەوە ئاوی رووباری خابوور لە زاخۆ کەمی کردووە.”

سەلمان سندی گوتی: “ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ وەکو ئەمڕۆ لە سەرەتای مانگی ھەشت، ئاستی بەرزی ئاوی رووباری خاپوور ٥٦ سم بوو، بەڵام ئێستا بۆ ٣٤ سم دابەزیوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو بەنداوانەی بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان دروستی بکات، دانەیەکیان دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لە دەڤەری قەزای باتیفا و لە گوندی بارھۆلێ لەسەر ئاوی رووباری خابوور بەنداوێک دورست دەکات”.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بەشی ئاودێری زاخۆ ئەو دۆخە بە هۆی وشکەساڵییەک بووە کە لە چەند ساڵی رابردوو ناوچەکەی گرتووەتەوە و دەڵێت، “بە دروستکردنی ئەم بەنداوە رێژەی ئاوی رووباری خابوور کۆنترۆڵ دەکرێت و لە مەترسی وشکبوون رزگاری دەبێت”.

رووباری خابوور بە درێژی ١٦٠ کیلۆمەتر بە ٤٧ گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا تێدەپەڕێت و پاشان لای پێشخابوور دەڕژێتە ناو رووباری دیجلە.

لەم بارەیەوە سەلمان سندی گوتی: “ئاوی خواردنەوەی زاخۆ و باتیفا پشت بە ئاوی رووباری خابوور دەبەستێت، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی زاخۆ دەکەوێتە سەر رووباری خابوور، بە کەمبوونەوەی ئەم رووبارە کاریگەری دەکاتە سەر ئاوی خواردنەوەش،‌ بۆیە بە دروستکردنی بەنداوەکە ئەو مەترسییەش نامێنێت”.

لە ھەرێمی کوردستان تەنیا سێ بەنداوی گەورە و ستراتیجیی ھەیە، ئەوانیش بەنداوەکانی (دوکان، دەربەندیخان و دھۆک)ن کە دوویان لەسەر ئاوی رووبارە ھەمیشەییەکانن و توانای گلدانەوەی زیاتر لە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارداوە نۆ بەنداوی تر دروست بکات کە توانای گلدانەوەی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دیکەیان دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button