ئێران: بەوردی و ھەستیارییەوە چاودێری پێشھاتەکانی عێراق دەکەین

لڤین:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی راگەیاند کە لەئێستادا، بەوردی و ھەستیارییەوە چاودێری پێشھاتەکانی عێراق دەکەن و ھانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دا بۆ دەرچوون لە قەیرانە سیاسییەکەی ئێستا، گفتوگۆ ئەنجام بدەن.

بەپێی میدیاکانی ئێران، ناسر کەنعانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی پێشھاتەکانی عێراق دواوە و رایگەیاندووە “پرسەکانی عێراق بۆ ئێمە زۆر گرنگن و بەوردی و ھەستیارییەوە، چاودێریی پێشھاتەکانی ئەو وڵاتە دەکەین”.

راشیگەیاندووە “لەژێر رۆشنایی بوونی پەیوەندیییەکی ئەرێنی و بنتانەرانەدا، ھەوڵی یارمەتیدان و نزیکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەدەین، ئێران لە (دەستوەردان) لە کاروباری عێراق خۆی بەدوور دەگرێت”.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ھەروەھا داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە کە لە چوارچێوەی دەستووردا و بەگفتوگۆ ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و دامەزراوە یاساییەکانیش بپارێزن.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە بە ھاوکاری، گفتوگۆوە و نزیکردنەوەی بۆچوونەکان کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبن و گوتویەتی “پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان و ئومێد دەکەین، رەوشی عێراق ھیۆر بکرێتەوە و ئاسایش و سەقامگیریی لەو وڵاتە بەرقەرار بێت”.

ناسر کەنعانی لەبارەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق گوتی: “ھێشتا پەیوەندییمان لەگەڵ دۆست و برا عێراقییەکانمان بەردەوامە و نەپچڕاوە، لەئێستادا گفتوگۆ لە رێگای باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا، هەروەها لە ئاستەکانی دیکەدا ئەنجام دەدرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button