ترەمپ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید دەکات

لڤین:

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بڕیاری داوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ی سەرۆکایەتی ئەمریکادا خۆی کاندید بکات.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری نیویۆرک ماگازین، هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ کرد.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێی وایە کاتێک جارێکی دیکە دەچێتەوە ناو کێبڕکێی سەرۆکایەتییەوە سەردەکەوێت، گوتی: “پێشتر بڕیاری خۆمم لەسەر ئەم بابەتە داوە”.

لە کاتێکدا ترەمپ نەیگوت بڕیارەکەی چییە، بەڵام ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس کرد لە مانگی تشرینی دووەمدا، گوتیشی: “ئەو بڕیارە گەورەیەی کە لە ئێستادا چاوەڕێم دەکات ئەوەیە کە ئایا پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن ئەمە رادەگەیەنم”.

– رۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیوویەتی، ترەمپ لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بڕیارەكەی رادەگەیەنێت

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ نووسیوویەتی کە ناوبراو لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا کاندیدبوونی خۆی رادەگەیەنێت.

راوێژکارانی نزیک لە ترەمپ رایانگەیاندووە، ئەگەری لە سەدا ٧٠ هەیە کە ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس ئەم بڕیارە رابگەیەنێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه ‌دا كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ پێش مانگی ئه‌یلوول بڕیاره‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button