عێراق.. گه‌شتی فرۆكه‌خانه‌كان راگیران

لڤین:

وەزارەتی گواستنەوەی حكومه‌تی عێراق، رایگەیاند: بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی نوێی خۆڵبارین و هەڵكردنی تەپوتۆز كە سەرانسەری وڵات دەگرێتەوە سبەینێ دووشەممە 23ی ئایاری 2022  گەشتە ئاسمانییەكان لە عیراق و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان رادەگیرێت.

حسێن جەلیل، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەراگەیەنراوێكدا ئاماژه‌به‌وه‌كردووه‌،  لەئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممەوە وڵات دەكەوێتە ژێر كاریگەری پاڵەپەستۆی بەرزە هەوایەكەوە كەلە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە هەڵدەكات و تۆپەڵە هەوایەكی ساردی لەگەڵدا دەبێت، كاتێكیش ئەو تۆپەڵە هەوایە روو لەعیراق دەكات دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵ لەناوچەكانی باكووری رۆژئاواو ناوچەكانی رۆژئاواوە بەهەردوو ئاراستەی هەردوو ناوچەی ناوەڕاست و باشوور.

حسێن جەلیل، ده‌ڵێت: ئەو شەپۆلی خۆڵبارینە پارێزگایەكانی كوردستانیش دەگرێتەوەو ئەمەش بەمانای ئەوەیە شەپۆلی خۆڵبارینەكە لەئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممەوە دەستپێدەكات سەرجەم ناوچەكانی عیراق دەگرێتەوە، بەیانی رۆژی 24ی ئایار هەموو شتێك لەبەشەكانی باكوور كۆتایدێت جگەلە ناوچەكانی باشوور نەبێت كە كاریگەرییەكەی تاوەكو بەیانی رۆژی سێشەممە 24ی ئایار دەمێنێتەوە.

وتیشی: لە بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممەوە جموجۆڵی گەشتە ئاسمانییەكان لەسەرجەم فڕۆكەخانەكانی عیراق رادەگیرێت بەهۆی نەمانی ئاستی بینین كە رەنگە ماوەی ئاستی بینین بگاتە 100 مەتر وە رەنگیشە ماوەی ئاستی بینین هەر نەشمێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button