لە عێراق ژماره‌ی توشبوانی تای خوێنبه‌ربون به‌رزده‌بێته‌وه

لڤین:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ژماره‌ی توشبوانی تای خوێنبه‌ربون بۆ 90 (نه‌وه‌د) توشبو به‌رزبوه‌ته‌وه، 18 (هه‌ژده) كه‌سیش به‌وهۆیه‌وه مردون.
سه‌یف به‌در وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، “له عێراقدا زیادبونی جددی حاڵه‌ته‌كانی تای خوێنبه‌ربون هه‌یه، به‌و پێیه‌ی ژماره‌ی توشبوان بۆ 90 (نه‌وه‌د) كه‌س به‌رزبوه‌ته‌وه”.
وتیشی، “تا ئێستا 18 (هه‌ژده) كه‌س له توشبوانی تای خوێنبه‌ربون له سه‌رتاسه‌ری عێراق مردون، ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ژێر چاودێری وردی پزیشكیدان”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ری هه‌یه ژماره‌ی توشبوان به‌تای خوێنبه‌ربون رو له‌به‌رزبونه‌وه بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك حاڵه‌تی دیكه‌ی گومان‌لێكراو تۆماركراون و ئه‌نجامی پشكنینه‌كانیان تا ئێستا ده‌رنه‌چوه.
هه‌ر ئه‌مڕۆش وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویكرده‌وه، لە بەغدا 4 (چوار) کەس توشی تای خوێنبەربون بون و کەسێکیش بەهۆی نەخۆشییەکە مردوە.